پەرلەمانى بەریتانیا پرۆژەیاسای ناردنى کۆچبەرانی نایاسایى بۆ رواندا پەسەند کرد

ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز. فۆتۆ: Getty Images

پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەیاسایەکی مشتومڕاوی پەسەند کرد، کە رێگە بە حکومەت دەدات کۆچبەرانی نایاسایی رەوانەی رواندا بکات.

رۆژی سێشەممە، 23ی نیسانی 2024، دوای ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی لۆردەکانی بەریتانیا، پاش چەندین جار گەڕاندنەوەی رەشنووسی یاساکە بۆ ئەنجوومەنی کۆمۆنەکان، بەمەبەستی هەموارکردنەوەی، لە کۆتاییدا بڕیاریاندا هیچ هەموارکردنەوەیەکی دیکە بۆ دەقی یاساکە نەخرێتەڕوو و پڕۆژەیاساکە پەسەند بکەن.

چەند کاتژمێرێک بەر لە دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیا، کە بە 'ئەنجوومەنی لۆردەکان' ناسراوە، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنیدا لە چەند مانگی داهاتوودا دەست بە راگواستنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا بکەن، لە چوارچێوەی پلانێکی مشتومڕاویدا، کە ئامانج لێی راگرتنی هاتنی ئەو کۆچبەرانەیە بۆ بەریتانیا.
سوناک جەختی لەسەر پێویستی راگرتنی لێشاوی کۆچبەران کردەوە و ئەو پرسەشی کردە بنەمای هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتەکەی.