مالیزیا.. بەهۆی بەریەککەوتنی دوو هێلیکۆپتەرەوە 10 کەس گیانیانلەدەستدا

شوێنی رووداوەکە فۆتۆ: گووگڵ


لە مالیزیا بەهۆی بەریەککەوتنی دوو هێلیکۆپتەرەوە، کە سەربە هێزی سەربازیی ئەو وڵاتەن، 10 کەس گیانیانلەدەستدا، وەک تیمی فریاکەوتنی مالیزی بڵاویکردووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دەزگای تەندروستیی مالیزیا، دوو هێلیکۆپتەری سەربازیی وڵاتەکەی، رۆژی سێشەممە لەمیانی ئەرکێکی مەشق و راهێناندا بەهۆی پێکدادانەوە کەوتوونەتە خوارەوە و 10 سەرنشینی ناو دوو فڕۆکەکە گیانیانلەدەستداوە.

سوهەیمی سوهەیل، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان لە بەشی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن، رایگەیاند، "لە کاتی گەشتێکی مەشق و راهێناندا هەردوو کۆپتەرەکە بەیەکیاندا داوە، تیمە پزیشکییەکان پشتڕاستیانکردەوە کە هەر دە سەرنشینەکەی ناو فڕۆکەکە گیانیانلەدەستداوە".

ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە، دەریدەخەن، کۆپتەرەکان بە یەک ریز لە بەرزییەکی نزم بەسەر یاریگای لوموتدا دەفڕن لە کوالالامپووری پایتەخت، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئاهەنگەکانی ساڵیادی هێزی دەریایی کە لە مانگی ئایاردا بەڕێوەدەچن.