پۆلیسى بەلجیکا هەڵیکوتایە سەر ستێرک تى ڤى

ناو تەلارى تەلەفزیۆنى ستێرک تى ڤى.

لە بەلجیکا پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگاى "ستێرک تى ڤى" و بەگوێرەى زانیارییەکان، زیانى ماددیان بە تەلەفزیۆنەکە گەیاندووە.

بەڕێوەبەرایەتى کەناڵەى "ستێرک تى ڤى" بە بەهمەن حەسەن، پەیامنێرى کەناڵ8 یان راگەیاندووە، کاتژمێر 5:00ـى بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە، پۆلیسى بەلجیکا بەبێ هیچ مۆڵەتێکى یاسایى هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگاى تەلەفزیۆنەکە لە شارۆچکەیەکى نزیک برۆکسلى پایتەخت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "پۆلیسەکان چوونەتە ژوورەوە و کەلوپەلێکى زۆریان شکاندووە، پێش ئەوەشى بچنەژوورەوە داوایانلێکراوە کە بەشێوەى نایاسایى نەچنە ژوورەوە، بەڵام ئەوان گوێیان بەوە نەداوە و پاسەوانانى تەلەفزیۆنەکەیان کەلەپچە کردووە".

بەڕێوەبەرایەتى کەناڵەکە ئەوەشیان بە کەناڵ8 گوتووە، داوایان لە خەڵکى ناوچەکە کردووە بەهانایانەوە بچن، خەڵکەکەش ئەو کارەیان کردووە و رێگەیان بە پۆلیس نەداوە زیانى زیاتر بە تەلەفزیۆنەکە بگەیەنن.