دابەشکردنی خەڵاتەکانی "PEN America" هەڵوەشایەوە

لەسایەی شەڕی غەززە و بایکۆتی نووسەران، خەڵاتی ئەدەبیی "PEN America" بۆ ساڵی 2024 هەڵوەشایەوە.

گروپی ئەدەبیی پێن ئەمریکا، پاش کشانەوەی ژمارەیەک لە نووسەرە پاڵێوراوەکان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەمساڵ، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی هەڵوەشاندەوە و بۆ ئەمساڵ هیچ نازناوێک نابەخشێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، نۆ لەسەر 10ی نووسەرە پاڵێوراوەکانی ئەمساڵ، کە لە کێبڕکێدا بوون بۆ بردنەوەی دیارترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی پێن ئەمریکا، بەهۆی شەڕی غەززە، بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە دەنگ و ئازاری هاووڵاتییانی ئەم کەرتە، لە مەراسیمەکە کشانەوە و گرووپەکەیان ناچار کرد بۆ ئەمساڵ هیچ خەڵاتێک بە باشترین نووسەرە ئەدەبییەکان نەبەخشێت.

گروپی پێن ئەمریکا، وەکو خۆیان دەڵێن، "خاوەنی بەها و مەرجی دەربڕینی ئازادانەی بیر و بۆچوونە"، لەگەڵ کشانەوەی نووسەرە پاڵێوراوەکاندا، دەستبەجێ، پاڵپشتییان لە هەڵمەتی بایکۆتکردنەکە کرد، هۆکاری کشانەوەی نووسەرەکانیش لەم مەراسیمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بە گوتەی خۆیان، "پێن ئەمریکا نەیتوانیوە پاڵپشتیی خۆی بۆ نووسەرە فەلەستینییەکان دەرببڕێت".

کلاریس رۆساز شەریف، لێپرسراوی سەرەکیی پرۆگرامی ئەدەبیی پێن ئەمریکا، دەڵێت، "رێز لە بڕیاری کشانەوەی نووسەرەکان دەگرین"، بەڵام نووسەرە پاڵێوراوەکان، بە پەیامێکی واژووکراو ئاماژە بەوە دەدەن؛ پێن ئەمریکا لایەنگریی دەکات لە پرسی شەڕی کەرتی غەززە، دەڵێن، "گروپی پێن ئەمریکا، بەرەی پێشەوەی کولتووری ئەمریکیی نیشان دەدات لە دەستتێوەردانی جیهانییدا، دەیانەوێت جینۆساید ئاسایی بکەنەوە".

لە وەڵامی ئەم پەیامەشدا، گروپەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، توانیویانە بەبەهای 100 هەزار دۆلار، پاڵپشتیی بۆ نووسەرە فەڵەستیەنییەکان کۆبکەنەوە و پەیامەکەیان بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە پاراستووە.

گەرچی بڕیاربوو 29ی ئەم مانگە، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی پێن ئەمریکا بۆ ژانرا جیاوازەکانی ئەدەبیاتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ پرسی غەززە، دابەشکردنی نازناوەکانی هەڵوەشاندەوە.