ئەردۆغان: رازاندنەوەی هەولێر بە ئاڵای تورکیا هەستی بزواندین

ئەردۆغان و ستافی راگەیاندنکارانی فۆتۆ: AA

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "رازاندنەوەی هەولێر بەهۆی سەردانەکەمانەوە بە ئاڵای تورکیا، هەستی ئێمەی بزواند".

لە میانی گەڕانەوەیدا لە هەولێرەوە بۆ ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەناو فڕۆکەکەدا، گفتوگۆی لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانە کرد کە هاوەڵییان دەکرد لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق، بابەتی رێگەی گەشەپێدان لەسەری سەرەوەی ئەو تەوەرانە بووە کە تاوتوێیان کردووە و بەتایبەت باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، بازرگانی، گواستنەوە، وزە و گۆڕانی گەشوهەوا کردووە.

لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەش، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی داهاتوودا ئەنجامە بەرجەستەکانی هەوڵەکانیان بەشێوەیەکی روون دەبینن.

ئەردۆغان باسی لەوەکردووە لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەک کۆبوونەوەی بەسوود و بەرهەمداری ئەنجامداوە و گوتی:

"رازاندنەوەی هەولێر بەهۆی سەردانەکەمانەوە بە ئاڵای تورکیا، هەستی ئێمەی بزواند".

سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "بەوشێوەیە جارێکی دیکە لە نزیکەوە دەرفەتی ئەوەمان هەبوو دۆستایەتیی سەرڕاستانەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردی عێراق ببینین".

راشیگەیاند "خواستمان بەردەوامە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو هەماهەنگی و هاریکارییەی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی کوردی عێراق بنیاتمان ناوە و لە سەردانەکەماندا بەڕوونی ئەمەم پێگوتن. سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "تاوتوێی ئەو هەنگاوانەشمان کرد کە دەتوانین دژی هەڕەشەی پەکەکە بیهاوێژین و جەختمان لەوەکردەوە ئەو دەستکەوتە هەمیشەییانەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەدەستی دەهێنین، چارەنووسسازن لەڕووی ئاسایشی ناوچەکەمانەوە، بەشێوەیەکی تێروتەسەل باسمان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان کرد لەسەروویانەوە وزە، گواستنەوە، بازرگانی و وەبەرهێنان".

لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەشەوە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد ئەوان خوازیارن هەڵویستی عێراق و سووریا کە لە خاکەکەیانەوە هێرش دەکرێتە سەر تورکیا، هاوشێوەی هەڵوێستی ئەنقەرە بێت پێکەوە ئەو بەرەنگارییە بکەن.

جەختی لەوەشکردەوە لەپێناو روانگەی عێراق بۆ گەشەپێدان و ئاسایشی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیی، پێویستە بەغدا ئەو چاڵانەی تیرۆر پڕبکاتەوە. 

لەبارەی پرسی ئاویشەوە، ئەردۆغان جەختی لە بەکارهێنانی ژیرانەی ئاو کردەوە و باسی لە پێویستی پلان و پرۆگرامی گونجاو لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا کرد.

سەرۆککۆماری تورکیا تیشکی خستەسەر ئەوەی، وڵاتەکەی لانیکەم هێندەی عێراق گرفتی ئاوی هەیە و تورکیا وڵاتێکی دەوڵەمەند نییە لەڕووی ئاوەوە، هەربۆیە بە پێویستی زانی بە وریاییەوە هەنگاو بهاوێژن و لەوبارەیەوە دەکرێت لە خاڵێکی هاوبەشدا پێکەوە لەگەڵ عێراقدا یەک بگرنەوە.

ئەردۆغان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پرسی ئاو ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان بە هەست مامەڵە ناکەن، ژیرانە و بە هەوڵی سازان، تواناکانمان لەسەر چارەسەر چڕدەکەینەوە، چونکە ئاو ئامڕازی پێکدادان نییە، بەڵکو بوارێکی خزمەتکردنە بە بەرژەوەندیی هاوبەشمان.

لەبارەی هەمواری دەستووری تورکیا و کارکردن لەوبارەیەوە لەگەڵ پارتی کۆماریی گەل، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کاتی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێخواز و ئازادیخواز هاتووە و باوەڕی نیشاندا کە جەهەپەش پشتیوانیی لەو گۆڕانکارییە دەکات.