بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى "هەژمارى من" شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەچێتە بەغداد

هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى پارەکەى بەغدادە بۆ دابەشکردنى مووچە. فۆتۆ: کەناڵ8

کەناڵ8 زانیوویەتى "بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەبارەى بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەران لە رێگەى پرۆژەى "هەژمارى من" سبەینێ حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاردەدات شاندێک بۆ بەغداد بنێرێت".

بەگوێرەى زانیاریەکان، سبەینێ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و وەزیرى دارایی، راپۆرتێک لەبارەى دوایین گفتوگۆکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ و داواکاریى بەغداد بۆ رادەستکردنى داهاتە نەوتى و نانەوتییەکان و پرۆژەى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان پێشکەشدەکات.

پرسی بە بانکیکردنی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان، بووەتە مژارى گەرمى گفتوگۆى نێوان بەرپرسانى دارایی نێوان وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدڕاڵ.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ى راگەیاند،هەرسێ بانکى حکومەتى فیدراڵى رەشید، رافیدەین، TBI رێگەپێدراون بۆ بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆران و حکومەتى عێراق رەزامەندى ئەوەشى نیشانداوە کە دواتر لەرێگەى بانکەکانى هەرێمى کوردستانەوە مووچە دابەشبکرێت. بەڵام تا ئێستا حکومەتى هەرێمی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە".

دەشڵێت "ئەوەى لەم بابەتە بێدەنگە حکومەتى هەرێمى کوردستانە و ئەوەش لەبەرژەوەندى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نییە".

هاوکات فازڵ نەبى، بریکارى پێشووترى وەزیرى دارایی عێراق لە بوڵتەنى هەواڵەکانى کەناڵ8 رایگەیاند، پێویستە شاندێکى بریاربەدەست لەرووى سیاسى و حکومى بچێتە بەغداد بۆئەوەى گفتوگۆ لەسەر پرۆژەى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆران بکات.