ئیسرائیل ماڵی ئەبو ئوسامەی کوردی لە دێر بەلەح بۆردوومانکرد

رۆژی دووشەمممە، سوپای ئیسرائیل لە ناوەڕاستی غەززە ماڵی کەسایەتییەکی کوردی کردە ئامانج و چەندین کەس کوژران و بریندار بوون.

رۆژی 22ی نیسان، سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئەنجامدا، تیایدا ماڵی د. ئەحمەد (ئەبو ئوسامەی کورد)ی کردە ئامانج لە نزیک مزگەوتی یافا لە دێر بەلەح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، چەندین کەس کەوتنە ژێر داروپەردووی ماڵەکەیەوە، بەڵام بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیل، بۆچەندین کاتژمێر نەتوانرا فریاگوزاریی بگەیەنرێتە بریندار و زیانپێگەیشتووەکان.

ئەبو ئوسامەی کورد، کەسایەتییەکی بەناوبانگی کوردە لە کەرتی غەززە و ناوی راستەقینەی د. ئەحمەد کوردە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بوو، لە ساڵی 2020 بە نەخۆشیی کۆچی دوایی کرد و بە کەسایەتییەکی خێرخواز و بنەماڵەیەکی خاوەن مێژوو لە دێر بەلەح ناسراوە.

د. ئەحمەد حەرب کورد (ئەبو ئوسامە)، بنەماڵەکەیان نیشتەجێی شاری عەسقەلان بوون، بەڵام لەپاش کۆچکردنیان بۆ دێر بەلەح لە 1949 لەدایکبووە و تیایدا سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی تەواوکردووە و خێزانی پێکهێناوە و خاوەندی 11 کچ و کوڕە.

د. ئەحمەد کورد، چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە، دیارترینيان لە ساڵی 1982 بوو، کە ساڵێک و شەش مانگ لە زیندان مایەوە، پاشان شەش جاری دیکە دەستگیرکراوەتەوە.

د. ئەحمەد بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پرۆژە خزمەتگوزارییە خێرخوازییەکان لە کەرتی غەززە ناسراوە، 43 ساڵ کاری خێرخوازیی ئەنجامداوە، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سەڵاحی خێرخوازیی بووە و نزیکەی 1000 منداڵی بێ باوکی فێری خوێندن کردووە.

دامەزراوە خێرخوازییەکەی ئەبو ئوسامەی کورد، مانگانە هاوکاریی دابینکردووە بۆ هەزاران خێزانی کەمدەرامەت و بێ دایک و باوک و کەسوکاری دیل و زیندانییەکانی نێو گرتووخانەکانی ئیسرائیل.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005، کاتێک بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، ئەبو ئوسامەی کوردی وەکو سەرۆکی شارەوانی دێر بەلەح هەڵبژێردرا، پاشان دەستنیشانکرا وەکو وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە کابینەکەی حکومەتی فەڵەستین بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل هەنییە.