بەکارهێنانی ئاژەڵان لە سینەمادا

لە ساڵەکەدا، رێکەوتی 24ی نیسان، وەکو رۆژی ئەو ئاژەڵانە دیارییکراوە، کە لە چوارچێوەی تاقیگەکاندا بەکاردەهێنرێن بۆ تاقیکردنەوەی زانستی، زۆرێک لە رێکخراوە جیهانییەکان، دەیانەوێت کۆمەڵگە بەرامبەر بەم کردەوەیە هۆشیار بکەنەوە و بژاردەی باشتر بخەنە بەردەم زاناکان بۆ دەستبەرداربوونی ئاژەڵان لە تاقیگەکاندا، بەم مەبەستەش، دیارترین ئەو بەرهەمە سینەماییانە بەسەردەکەینەوە، کە سەبارەت بە ئاژەڵانی تاقیگە و پیشەسازییەکان، بەرهەمهێنراون.

Rise of the Planet of the Apes
جۆر: ئاکشن – خەیاڵی زانستی
ساڵی بەرهەمهاتن: 2011

لە جیهانێکدا، کە تاقیگەکان بەرەوپێشچوونێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، چیمپانزییەک بەناوی سیزار، دەرمانێکی نوێی لەسەر تاقیدەکرێتەوە و توانای بیرکردنەوە و کاردانەوەی مرۆیی پەیدادەکات، ئەم چیمپانزییە، پاش ئەوەی ئاگایی بەرامبەر بە نادادپەروەریی پەیدادەکات، بڕیاری راپەڕین دەدات و ئاژەڵەکانی دیکە رادەسپێرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤەکان و لەناوبردنیان.

ئەم فیلمە، بەشێکە لە زنجیرەیەکی فراوان بەناونیشانی "جیهانی ئەیپەکان"، کە یەکەم زنجیرەی لە ساڵی 1968 بەرهەمهێنراوە و تاوەکو ئێستاش بەرهەمهێنانی بەردەوامە، زیاتر لە 10 بەشی جیاوازی لێدروستکراوە.

Save Ralph
جۆر: ئانیمەیشن – دراما
ساڵی بەرهەمهاتن: 2021

بە بۆچوونی زۆرینەی رەخنەگرە سینەماییەکان، کورتە فیلمی "راڵف رزگارکە"، یەکێکە لە دیارترین ئەو بەرهەمە سینەماییانەی، هەستیارییەکی گەورە بەرامبەر بە ئاژەڵانی تاقیگە دروستدەکەن.

ئەم کورتە فیلمە، سەبارەت بە کەروێشکێکی سپی ناو تاقیگەیە، ژیانی رۆژانەی خۆی بۆ بینەر دەگێڕێتەوە و دیواری چوارم دەشکێنێت، لەمیانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زانستیی لەسەری، هەست و تێگەیشتنی تایبەتی خۆی نیشاندەدات.

ئەم بەرهەمە، توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگەکان دروستبکات و ئامڕازی دەستی رێکخراوەکانە بەمەبەستی راگرتنی بەکارهێنانی ئاژەڵ لە تاقیگەکاندا  بۆ دۆزینەوەی بژاردەی جێگرەوە، بە ناوەڕۆکێکی رەخنەگرانە پەیام ئاڕاستەی مرۆڤەکان دەکات، کە دەڵێت، "نابێت هیچ ئاژەڵێک لەژێر ناوی جوانییدا ئازار بچێژێت".

Pinky and the Brain
جۆر: ئانیمەیشن – خەیاڵی زانستی
ساڵی بەرهەمهاتن: 1995

پینکی و برەین، دوو مشکی سپی ناو تاقیگەن، پینکی بە رۆحی گەڵتەوگەپ و هزرێکی ساویلکەوە، هاوڕێ بلیمەتەکەی دەخاتە قەیران و ئاڵنگاریی بەردەوام و پلانەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە، برەین کە بە دامەزرێنەر و داینەمۆی بەڕێوەچوونی رووداوەکان دادەنرێت، کاریگەریی لەسەر شێوازی نواندنەکان دروستدەکات.

ئەم زنجیرە ئانیمەیشنە، گوزارشت لە هەستی ناڕاستەقینە و خەیاڵیی دوو ئاژەڵی ناو تاقیگە زانستییەکان دەکات، کە بە تاقیکردنەوەی بەردەوامی مرۆڤەکان کاریگەرن و بەجۆرێک بیردەکەنەوە کە دەتوانن جیهان داگیربکەن.

ئەم بەرهەمە، بەشێوەی زنجیرەی ئانیمەیشن درستکراوە و چوار وەرزی لێ بەرهەمهێنراوە، زیاتر وەکو بەرهەمی منداڵان ناسێنراوە و کۆمپانیای وارنەر برۆس بۆ بڕگەی منداڵان تەرخانیکردووە.

The Animal Film
جۆر: دۆکیومێنتاری
ساڵی بەرهەمهاتن: 1981

دەرهێنەران، ڤیکتۆر شۆنفێڵد و میریام ئالۆکس، بەدوای پرسی بەکارهێنانی ئاژەڵان دەچن لە تاقیگە و کێڵگەکاندا، لەم دۆکیومێنتارییەدا، دیمەنی ژیانی توند و مەترسیی سەر ئەو ئاژەڵانە دەخەنە روو، کە بەهۆی ویست و داواکاریی مرۆڤەکانەوە دوچاریان دەبنەوە.

ئەم دیۆکیومێنتارییە، لە چەندین رەهەندی جیاوازی بەکارهێناندا، ئاوڕ لە ئاژەڵەکان دەداتەوە، لەوانە: کێڵگەکان، پیشەسازیی، تاقیگەکان و بنکە سەربازییەکان، هاوکات رەوتی جیهانیی پاراستنی مافی ئاژەڵان دەخاتە بەرباس و چەندین تۆمار و بەڵگەنامەی نهێنیی ئاشکرادەکات لە بەکارهێنانی نایاسایی ئاژەڵەکاندا.

بەشێکی زۆر لە رەخنەگران، ئەم بەرهەمە بە فیلمێکی توند ناودەبن و ئاماژە بەوە دەدەن، "دۆکیومێنتارییەکە لەو جۆرە بەرهەمانەیە کە هەمووان ناتوانن بەرگەی بگرن".