تیپەکەی گاسپرینی لە یاریگەی جیویس بەدوای گەڕانەوەیەکی مێژوویدا دەگەڕێت

دوای ئەوەی یانەی یۆڤێنتۆس جەمسەرێکی یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیای یەکلاییکردەوە، ئەمشەو یەکێک لە یانەکانی ئاتالانتا بێرگامۆ و فیۆرنتینا پێگەی خۆیان لە یاریی کۆتاییدا یەکلاییدەکەنەوە، یارییەکەش لەنێوان دوو یانەی گەورەی ئیتاڵیادایە، کە هەریەکەیان لە خولە ئەوروپییەکان خۆیان گەیاندووەتە قۆناغی نیوەی کۆتایی.

ئاتالانتا دوای ئەوەی لە یورۆپالیگ کۆتایی بە خەونەکانی لیڤەرپووڵ هێنا، لەناوخۆی ئیتاڵیاش بەدوای دەستکەوتێکی گەورەدا دەگەڕێت، لە کێبڕکێکانی سێریا ئەی بە 54 خاڵەوە خانەی شەشەمی گرتووە، لە یاریی چوونی جامی ئیتاڵیاشدا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام بەرامبەر فیۆرنتینا دواکەوتووە، تیپەکەی گاسپرینی لە یاریگەی جیویس بەدوای گەڕانەوەیەکی مێژوویدا دەگەڕێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت یارییەکە هەمەچەشنە و دوو جەمسەری بێت، بەوپێیەی هەردوو یانەکە لە خولی ئەوروپی و کۆنفرانس لیگ پێگەی خۆیان لە پێش کۆتاییدا یەکلاییکردووەتەوە وهەریەکەیان خاوەنی ئاست و ئەنجامێکی باشە.

لەرووی داتا و مێژووشەوە، ئەم دوو یانەیە هەمیشە کێبڕکێی توند لەن‌وانیاندا هەبووە، لەکۆی 53 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتییەکان، یانەکەی بێرگامۆ 11 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا یانە مۆرەکەی فیۆرنتینای شاری جوانی و هونەر 24 سەرکەوتنی بەەدەستهێناوە و 18 یەکسانبوون لەنێوانیاندا روویداوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەنجامەکانی جامی ئیتاڵیا، دووانەی ناوبراو 12 یارییان کردووە و فیۆلا باڵادەستبووە بە بردنەوەی هەشت یاریی و ئاتالانتا ئەو یانەیەیە کە فیۆرنتینا زۆرترین بردنەوەی بەرامبەری تۆمارکردووە.

لە قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی ئیتاڵیا، لە وەرزی 2018/2019 ئاتالانتا و فیۆرنتینا رووبەڕووبوونەوە، بەکۆی ئەنجامی چوون و گەڕانەوە ئاتالانتا (5 بە 4) سەرکەوت و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی، لە کاتێکدا یانەکەی بێرگامۆ شەشجار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و تەنیا یەک ناسناوی بەدەستهێناوە، بەڵام فیۆرنتینا 12 جار گەیشتووە و شەش ناسناویشی بەدەستهێناوە.