گۆڕی ئەفڵاتون دۆزرایەوە

توێژەری دیاری زانکۆی پیزا لە ئیتاڵیا، گرازیانۆ رانۆچیا، ئاماژە بە دۆزینەوەی شوێنی ناشتن و گۆڕی گەورە بیرمەندی یۆنان و جیهان، ئەفڵاتون دەدات.

بە گوتەی رانۆچیا، "شوێنی ناشتنی ئەفڵاتون، لەچوارچێوەی دەستنووسێکی کۆندا تۆمارکراوە، لە شارۆچکەی هێرکیولانیۆم، نزیک لە شاری ناپۆلی".

ئاماژە بەوە دراوە؛ دەستنووسەکە مێژووی دۆزینەوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەیەم، لە هەزار و 800 تۆماری پێش مێژوو پێکهاتووە، کە زۆرینەیان پێویستیان بە کردنەوەی هێما و نیشانەیە.

زاناکان، ئێستا سەرقاڵی کردنەوەی گرێ و هێمای نووسراوەکانن، بە هاوکاریی ژیریی دەستکرد، دەیانەوێت چەندین نهێنی و شوێنی پەنهانی نووسراوەکان بدۆزنەوە، کە یەکێک لە گرنگترین زانیارییەکان، ئاماژە بە شوێنی ناشتن و گۆڕی راستەقینەی ئەفڵاتونی بیرمەند دەدەن.

بە گوتەی رانۆچیا، "دۆزینەوەی راستیی زیاتر سەبارەت بە ئەکادیمیاکەی ئەفڵاتون، زانیاریی گرنگ و نوێ بە مێژووی دۆزینەوە فەلسەفییەکان دەبەخشێت"، جەخت لەوەش دەکاتەوە، "ئەفڵاتون لەم ئەکادیمیایەدا نێژراوە"، شوێنەکەشی نزیک لە باخچەیەکی پەرستگەی میوزەکانە لە ئەسینا.

ئەکادیمیاکەی ئەفڵاتون، لە جیهانی فەلسەفەدا ناوبانگ و بەهایەکی گەورەی هەیە، لە ئەسینای دێرین، لە دەرەوەی شارەکەدا دروستکراوە، بەدیاریکراوییش لە ساڵی 387ی پێش زایندا دامەزراوە.

ئەفڵاتون، یەکێکە لە دیارترین بیرمەندەکانی جیهانی دێرین، بە باوکی فەلسەفەی رۆژئاوایی دادەنرێت، داهێنەری دایەلۆگی نووسراو و فۆڕمە دایەلێکتییەکانە، ساڵی 399، ئەفڵاتون پاش مردنی سوقرات، بە کۆیلە گیراوە، یاخود ساڵی 404 لە سەردەمی داگیرکاریی سپارتاییەکاندا ئەم بیرمەندە دوچاری ئاڵنگاریی بووەتەوە، کۆمار دیارترین نووسراو و کاری ئەم بیرمەندەیە.