مەلحەم زێن: بیر لەوە دەکەمەوە ڤیدیۆکلیپ بۆ گۆرانی "چۆپی" تۆماربکەم

هونەرمەندیی لوبنانی، مەلحەم زێن، لە چاوپێککەوتنێکدا ئاشكرایکرد، بەجدی بیر لە وێنەگرتنی گۆرانی "چۆپی" دەکاتەوە، پلانی هەیە کە وێنەی ڤیدیۆکلیپەکە لە شاری بەغداد تۆمار بکات.

لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، مەلحەم زێن گوتوویەتی، بیر لەوە دەکەمەوە کە وێنەی ڤیدیۆکلیپێک لە بەغدادی خۆشەویست بگرم، گۆرانی "چۆپی"ـم هەیە رەنگە لە عێراق وێنەی بگرم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق هەمان وڵاتی چەند ساڵێک پێش ئێستا نیە، ئەوکات دۆخی ئاسایشی وڵاتەکە جێگیر نەبوو، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و عێراق بووە بە ژینگەیەکی گونجاو بۆ داهێنان، پەیمان دەدەم کە بەجدی بیر بکەمەوە لە وێنەگرتنی کلیپێک لە بەغداد و شانازیشی پێوە دەکەم.

مەلحەم زێن هونەرمەندێکی لوبنانی بە رەچەڵەک خەڵکی نەجەفە لە عێراق، دەرچووی بەشی یاسایە بەڵام کاری پارێزەریی نەکردووە، لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەسی بە گۆرانیگوتن کردووە، خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆکلیپە، گوێگرێکی زۆری هەیە.