دیمەنێک لە فیلمی هاری پۆتەر

زنجیرە کتێبەکانی هاری پۆتەر بەشێوەی کتێبی دەنگیی بڵاودەکرێنەوە

وابڕیارە حەوت کتێبە رەسەنەکەی زنجیرە چیرۆکەکانی هاری پۆتەر کە لەلایەن جەی کەی رۆڵینگەوە نوسراوە، بەشێوەی کتێبی دەنگیی بڵاوبکرێنەوە.

وابڕیارە کۆمپانیای "Amazon’s Audible and Pottermore Publishing"، حەوت کتێبەکەی هاری پۆتەر، بەشێوەی زنجیرەیەک لە کتێبی دەنگیی نوێ بەرهەم بهێنێت.

کتێبە دەنگییەکانی هاری پۆتەر، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025ـدا، بەشێوەی زنجیرەی دەنگیی لەڕێگەی Audibleـەوە بڵاودەکرێتەوە.

کۆمپانیاکە گوتوویەتی، بۆ بەرهەمهێنانی کتێبە دەنگییەکە، سوود لە زیاتر 100 ئەکتەر دەبینرێت، پێیان وایە کە ئەم چیرۆکە بەجۆرێکی تەواو جیاواز و سەرسوڕهێنەر بەر گوێی ئاشقانیی ئەم کتێبە دەکەوێت.

"Amazon’s Audible and Pottermore Publishing" گوتوویەتی، کتێبە دەنگییەکانی هاری پۆتەر چێژێکی دەنگیی دەبەخشێت بە گوێگران، بە کوالیتییەکی بەرز ریکۆرد دەکرێت، دەنگەکان بە بەکارهێنانی چەندین ئەکتەر و لە ناو جیهانیی راستەقینەدا ریکۆرد دەکرێن.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەکردوە، کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی ریکۆرد دەکرێت،  لەدواتردا زانیاری زیاتر لەبارەی کاتی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە و چۆنییەتی دەستکەوتنیی بڵاودەکەنەوە.