لە پارێزگای کرماشان کاری سکرتێری بۆ ژنان قەدەغەکرا

شارى کرماشان لە رۆژهەڵاتى کوردستان. فۆتۆ: AP

بەبڕیاری پارێزگاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دانانی ئافرەت وەکو سکرتێر لە سەرجەم دامەزراوە حکومی و ئیدارییەکان قەدەغەکرا.

محەمەد تەیب سەحرای، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئیدارەدانی پارێزگاکە، بڕیاریانداوە بە هەموو شێوەیەک دانای خانمان وەکو سکرتێر لەسەرجەم فەرمانگە، ئیدارە و رێکخراوە حکومییەکان قەدەغە بکەین.

سەحرای دەڵێت، بڕیارەکە لە 25ـی نیسانی 2024ـەوە دەرچووە و لەگەڵ ساتی دەرچوونییەوە دەستبەجێبەجێکردنی دەکرێت، دەبێت سەرجەم شارەکانی پارێزگای کرماشان پابەندی بڕیارەکەبن. دەشڵێت، پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا بڕیارەکە جێبەجێبکرێت بەپێچەوانەوە سزای یاسایی ئەو شوێنانە دەدرێت کە پابەند نابن.

ئەم هەوڵەی پارێزگای کرماشان لە کاتێکدایە حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی فەیلەقی تارانی سوپای پاسدارانی ئێران چەند رۆژێک پێشتر رایگەیاندبوو، گرووپەکانی پۆلیس لەژێر ناوی "باڵیۆزەکانی میهر" رژدترن لە جێبەجێکردنى یاساى "حیجاب" لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی ئێران.

لە ماددەی 638ی یاسایی حیجابدا هاتووە، ئەوانەی لە شوێنە گشتییەکان پابەندى حیجاب نابن، ئەوا بە پێبژاردن و زیندانی سزادەدرێن، ئەم پێبژاردنە تاوەکو سێ ملیۆن تمەن دەبێت.

هەر بەگوێرەی پرۆژەیاسای نوێی پاکیزەیی و حیجاب، قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەردەچێت کە پابەندی یاساى حیجاب نابن، جگە لەوە، ئەگەر فەرمانبەرانی حکومەتیش پابەندی حیجاب نەبن، ئەوا یاسا رێگە بە دادوەر دەدات سزای وەک لێسەندنەوەی بەرپرسیارێتی، پلەبەرزنەکردنەوە، تەنانەت دەرکردنیش، بەشێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی بۆ ئەو کەسانە دەربکات.