ئێوارە کۆڕێک بۆ شاعیر ئەحمەد محەمەد رێکدەخرێت

لە بەردەوامیی کۆڕە شیعرییەکانی ئەحمەد محەمەددا، ناوەندی کولتووری کورد و ئەڵمان لە شاری نۆرنبێرگ، ئێوارە کۆڕێک بۆ ئەو شاعیرە ڕێکدەخات، دوابەدوای ئەوەش لە شاری بەرلین کۆڕێکی گەورەی دیکە ساز دەکرێت.

شاعیر ئەحمەد محەمەد، لەبارەی کۆڕە شیعرییەکانییەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا، بە کەناڵ8ـی گوت، ئەمە زنجیرە کۆڕێکە لە چەند شارێکی ئەڵمانیا دەستمان پێکردوە، کۆڕی یەکەم لە شاری شتوگارد بەڕێوەچوو، دووەم کۆڕ لە شاری نۆربێرگ لەلایەن کۆمەڵەی کورد و ئەڵمانەوە سازکراوە، کۆڕی سێیەم لە بەرلین دەبێت، لەوێدا کۆڕە گەورەکەی بەرلین بەڕێوەدەچێت.

ئەو شاعیرە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم کۆڕانە لەسەر داوەتی حکومەتی ئەڵمانیا، گروپی کوردان و رێکخراوە کوردییەکانی ئەڵمانیا سازکراون.

پۆستەری ئێوارە کۆڕی ئەحمەد محەمەد لە شاری نۆربێرگ

ئەحمەد محەمەد یەکێکە لە شاعیرە ناسراوەکانی کورد، زۆرێک لە شیعرەکانی لەلایەن چەندین هونەرمەندی بەتوانای کوردەوە کراون بە گۆرانی و زۆرێک لەو گۆرانیانەش لەناو یادەوەری گوێگراندا جێگەی خۆیان کردووەتە.

هونەرمەندانی وەک ( كەریم كابان، ناسر رەزازی، عەدنان كەریم، ئاڤان جەمال، كەمال محەمەد، دیاری قەرەداخی، دانا غەنی، لەیلا فەریقی، رێبوار بەنگینە، هانی) و چەندانی دیکە شیعرەكانی ئەویان كردووە بەگۆرانی.

ئەو شاعیرە خاوەنی چەندین نامیلكەی شیعرییە لەوانە: ( عەشقباران، ئەستێرەباران، خۆزگەی وەریو، دەشتی نێرگز، وەرزی گۆچان، هەتاوی سارد).

وابڕیارە دووەم کۆڕی شیعری ئەحمەد محەمەد لە وڵاتی ئەڵمانیا، رۆژی شەممە 27ـی نیسانی 2024 لە شاری نۆربێرگ لە کاتژمێر 18:30 بەڕێوەبچێت.

پۆستەری ئێوارە کۆڕی ئەحمەد محەمەد لە شاری بەرلین