تایلەر سویفت ریکۆردێکی دیکەی شکاند

بەرهەمە نوێیەکەی تایلەر سویفت بە ناوی The Tortured Poets Department، بووە یەکەم ئەلبووم لە پلاتفۆڕمی سپۆتیفایدا کە تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا ملیارێک بینەر تێبپەڕێنێت.

پلاتفۆرمەکە بەبێ دیاریکردنی ژمارەی بینەرەکان بە وردیی، لەرێگەی هەژماری ئێکس (تویتەر)ـەوە ڕایگەیاندووە، بەرهەمەکەی تایلەر سویفت ریکۆردەکانی ئەو پلاتفۆرمەی شکاندووە کە سەروو ملیارێکە.

دوای بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکەی لە 19ـی ئەم مانگەدا، کە ئەلبوومێکی 31 تراکی بوو، لەماوەی تەنها 24 کاتژمێردا 300 ملیۆن بینەریی هەبوو کە ئەمەش ڕیکۆردێکی نوێ بوو.

"The Tortured Poets Department" ئەلبوومە نوێیەکەی تایلەر سویفت کە 31 گۆرانیی لەخۆ دەگرێت، لەسەرەتادا 16 لە گۆرانییەکان و دوای دوو کاتژمێر 15 گۆرانیی دیکەی بڵاوکردەوە، کە ئەمەش بووە مایەی شۆک و دڵخۆشیی بۆ گوێگرانی ئەو هونەرمەندە لە سەرانسەری جیهاندا.

لە پۆستێکی ئینستگرامیشدا تایلەر سویفت گوتی، بەرهەمە نوێیەکەی ڕەنگدانەوەی ڕووداو و بۆچوون و هەستەکانی قۆناغێکی ڕۆیشتووی ژیانین.