بەڕێوەبەری کارەکانی "توپاک شاکور" هەڕەشە لە "درەیک" دەکات

بەڕێوەبەری کارەکانی گۆرانیبێژی کۆچکردوو توپاک شاکور، لە نامەیەکدا درەیکی ئاگادار کردووەتەوە، لەوەی دەبێت دەنگی دروستکراوی توپاک شاکور لە گۆرانییەکدا لابدات، کە بە مەبەستێکی تایبەتیی بەکاریهێناوە.

هاوارد کینگی بەڕێوەبەر و پارێزەر لە نامەکەدا بە درەیکی راگەیاندووە، ئەو تۆمارە بەناوی "Taylor Made Freestyle"، نەک تەنها پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بەڵکو خراپ بەکارهێنانی میراتی یەکێک لە گەورەترین هونەرمەندەکانی هیپ هۆپە.

بەپێی بڵاوکراوەکە، درەیک دەنگی توپاکی بە زیرەکی دەستکرد دروست کردووەتەوە و بەکاریهێناوە لە گۆرانییەکەیدا، بۆ هێرشکردنە سەر هونەرمەندێکی دیکە بە ناوی کێندریک لامار.

دوای بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکەش، ئەو پارێزەرە 24 کاتژمێر کاتی دابوو بە درەیک بۆ لابردنی تۆمارەکە، ئاگاداری کردووەتەوە کە ئەگەر لاینەدات ئەوا رێکاری یاسایی دەگرنە بەر.

ئەو پارێزەرە دەڵێت، خێزانی توپاک هەرگیز رێگە بەمە نادەن و قبوڵیان نیە بەو شێوەیە دەنگی ئەو هونەرمەندە بەکاربهێنرێت.

ئەم گۆرانییە بەشێکە لە کێشەیەکی بەردەوامی نێوان درەیک و کێندریک لامار،  لە پێشتردا لامار گوتوویەتی، ئەو زۆر لە درەیک و جەی کۆل باشترە، لە بەرامبەردا درەیک لە گۆرانییەکدا بە ناوی Push Ups سووکایەتی بە لامار کردووە و دواتریش بە بەکارهێنانی دەنگی توپاک هێرشی کردووەتە سەری.