مەسرور بارزانی: بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم

گوتارى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەڵەبجە. فۆتۆ: کەناڵ8

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسیوێتی "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم و دەڵێت "سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سڤیلە دەکەم کە گیانیانلەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم".

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێـمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیوێتی "وەزارەتی تەندروستیم راسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەشبکات".

داواشی لە حکومەتی فیدراڵ کردووە کە بەشێوەیەکی جددی لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات.

بەگوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی نزیک لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجامدەدرێن.

دەشڵێت "چاوەڕوانی رێکاری خێرا دەکەین لە بەغداد بۆ ئەوەی رێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "دەبێت بەغداد کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن".

وەک مەسرور بارزانی دەلێت "هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".

دەشڵێت "هەروەها هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات، ئەم هێرشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێن و ئامادەین لەگەڵ بەغداد هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.