شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق: بكەرانی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر بەسزای خۆیان دەگەن

ساتی هێرشەکە فۆتۆ: تایبەت بە کەناڵ8

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، دڵنیایی دەدەن كە ئەوانەی هێرشیانكردەسەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر بە سزای خۆیان دەگەن.

شانەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، "لەسەر راسپاردەی فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكان، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشە تێكدەرانەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادر كەرەمی سەربە پارێزگای سلێمانی پێكهێنراوە، كە لە رێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە".

روونیشكراوەتەوە، "لەكاتێكدا سەركۆنەی ئەو هێرشە تاوانكارییە دەكەن بۆ سەر سەروەتی ئابوریی عێراق، دڵنیایی دەدەین كە دەستدرێژیكاران بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان دەگەن".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو دەستدرێژیانە هەوڵدانە بۆ زیانگەیاندن بە ئابوریی نیشتمانی عێراق و كاریگەریی دانان لەسەر چەرخی پێشكەوتن و گەشەسەندن كە عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت.

ئێوارەی رۆژی هەینی 26ـی نیسان کاتژمێر 6:50 خولەکی سەر لەئێوارە، لە رێگەی دوو درۆنەوە کە سەرچاوەی هەڵدانیان دیار نییە، هێرشکرایەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، رەگەزنامەی کوژراوەکان یەمەنین.