سەرۆککۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات

لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق

سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیەنێت "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە ئێوارەی هەینی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردە ئامانج و بووەهۆی ئەوەی شەهید و بریندار و بچڕانی کارەبای لێبکەوتەوە".

لە بەیاننامەیەکی نووسینگەکەیدا عەبدولـلەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیەنێت "ئەم جۆرە کردەوە تاوانکارییانە پێشێلکردنی بەرژەوەندیی گشتیی دەوڵەت و هاوڵاتییانە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکەن".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "پێویستە دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە رووداوەکە بکەن و هۆکارەکەی ئاشکرا بکەن و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن و هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.

سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایەسەر کێڵگەکەی کۆمۆر و بەهۆى هێرشەکەوە ئاگر لەناو کێڵگەکە کەوتەوە و چوار کەس گیانیانلەدەستدا و 6ی دیکە بریندار بوون.

ئەمە دووەمجارە لەماوەی ئەمساڵدا هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازى کۆرمۆر ئەنجامبدرێت.

رۆژی 25ى کانوونى دووەمى 2024یش بەهەمانشێوە، هێرشکرایە سەر کێڵگەى کۆرمۆر لە سنوورى شارۆچکەى چەمچەماڵ، کە هێرشەکە تانکى ئێن جى ئێڵى کێڵگەکەى کردبووە ئامانج.