بایدن و ترەمپ ئامادەییان بۆ دیبەیت راگەیاند

دیبەیتى پێشترى جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ، لەساڵى 2020. فۆتۆ: AP

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئامادەیی بۆ روبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا راگەیاند و ترەمپیش گوتی، "با هەر ئەمشەو لە هۆڵی دادگاکە دیبەیتەکە ئەنجامبدەین".

رۆژی هەینی 26ـی نیسانی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا، ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە دیبەیتێکدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆماریەکان راگەیاند، کەوا بڕیارە لە مانگی تشرینی دووهەمی ئەمساڵدا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بەشداریکردنی لە دیبەیتێکدا لەگەڵ ترەمپ، بایدنی تەمەن 81 ساڵ گوتی، "خۆشحاڵدەبم کە روبەڕووی ببمەوە، من ئامادەم لە هەر جێگەیەک بێت، بەڵام نازانم کەی".

ئەمە یەکەمجارە کە بایدن بە روونی ئامادەیی خۆی رادەگەیەنێت بۆ دیبەیت لەگەڵ رکابەرەکەی لە پارتی کۆماریەکان، لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024دا.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ رەتیکردەوە بەشداری لە دیبەیتە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکاندا بکات و لە کۆتاییدا وەکو بەربژێری پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنەکان هەڵبژێردرا، بەڵام رۆژی هەینی 26ی نیسانی 2024، ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە دیبەیتێکدا لەگەڵ جۆ بایدن لە هەر کاتێکدا و لە هەر شوێنێک راگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ كە ئێستا لە نیویۆرک دادگایی دەکرێت، پێشنیازی ئەوەشی کرد، دیبەیتەکە شەوی هەینی لە هۆڵی دادگا بەڕێوەبچێت.