نەتەوەیەكگرتووەكان: 37 ملیۆن تۆن پاشماوە لە غەززەدا هەیە و پێویستی بە 14 ساڵە بۆ پاككردنەوە

دیمەنی وێرانكارییەكان لە شاری نان یونسی كەرتی غەززە. فۆتۆ: AFP

نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرایكرد، قەبارەی پاشماوەی خانوو و تەلارە رووخاوەكانی كەرتی غەززە بە 37 ملیۆن تۆن مەزەندە دەكرێت، ئەوەش 14 ساڵی پێویستە بۆ پاككردنەوە.

بیر لودهامار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری تایبەت بە مین، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە جنێف رایگەیاند، قەبارەت پاشماوە لە كەرتی قەززە بە 37 ملیۆن تۆن مەزەندە دەكرێت، واتا نزیكەی 300 كیلۆگرام پاشماوە لە هەر مەترێك چوارگۆشەدا.

روونیشیكردووەتەوە، پاككردنەوەی ئەو پاشماوەیە پێویستی بە 14 ساڵ هەیە، ئەوەش بە بەكارهێنانی 100 بارهەڵگر، هەروەها بۆمب و مووشەكی نەتەقیوو تێكەڵی پاشماوەكان بوون، بەهۆی ئەوەشەوە ئەركەكە سەختتر دەبێت.

لودهامار لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی، لانیكەم 10%ی ئەو تەقەمەنیانەی لە كەرتی غەززە بەكارهێنراون نەتەقیوونەتەوە، ئەوەش مەترسی لەسەر دانیشتووانی كەرتەكە و تیمە بەرپرسەكان بۆ دەرهێنانەوەی تەرمی قوربانیان  و تیمەكانی لابردنی پاشماوەكان دروست دەكات.

پاش هێرشی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر بەشێكی ئیسرائیل لە 7ـی ئۆكتۆبەری 2023، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە دەستیانپێكرد و تاوەكو ئێستا بەردەوامە، بەهۆی هێرشەكەوە زیاتر لە 34 هەزار كەس كوژراون و دەیان هەزاری دیكە بریندارن، ئەوەش بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، هەروەها بەشێكی زۆری كەرتەكە وێرانبووە.