متمانەبەخشین بە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی چۆن کرا و بۆچی گرنگە؟

تیمی سەرپەرشتیار لە کۆلێجی پزیشکی، وێنەکە لە وێبسایتی زانکۆی سلێمانی وەرگیراوە

متمانەپێبەخشین، یەکێکە لە گرنگترین پرۆسەکانی ناساندنی ناوەندە پەروەردەییەکان لەسەر ئاستی جیهان و رۆڵێکی گەورەی هەیە لە باشترکردنی جۆرێتی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندکاران. کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە سەرقاڵی ئەم پرۆسەیەیە و لە پێناو بەدەستهێنانی متمانەپێبەخشینی نێودەوڵەتیدا، کارەکانی بەرەو پێش بردووە.

لە رۆژی 17ی نیسانی 2024، کۆلێجەکە متمانەی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی لەلایەن کۆمیسیۆنی متمانەپێدان و دڵنیایی جۆریی بۆ دەستپێشخەرییەکانی خوێندنی باڵا بۆ پەروەردەی پزیشکی بەدەستهێنا و بووە یەکەم کۆلێج لە هەرێمی کوردستان لەلایەن رێکخراوەکەوە متمانەی پێببەخشرێت. متمانەپێبەخشین، هەنگاوێکی گەوریە، لە هەمان کاتیشدا بەشێکە لە ئەرکەکانی هەموو کۆلێجێک کە دەیەوێت لە ئاستێکی باڵادا، خوێندکاران پەروەردە بکات و مافی هەموو خوێندکارێکە لە زانکۆیەکدا بخوێنێت کە متمانەی نێودەوڵەتیی هەیە.

ساڵی رابردوو، لیژنەیەک لە کەسانی ئەکادیمی پێکهێنرا بۆ چاودێریکردنی وردەکاریی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە. هاوکات لەگەڵ لیژنەکەدا، چەند خوێندکارێکی کۆلێجەکە بەشداربوون، کە بەردەوام کاریان کردووە و بەرپرسیارییەتی پێشکەشکردنی داتا و بەڵگەنامەکانیان بە رێکخراوەکە گرتبووە ئەستۆ. لە سەرەتای ئەمساڵیشدا، لیژنەیەکی هەڵسەنگاندن لە وڵاتی ئوردنەوە هاتنە سلێمانی و لە ماوەی سێ رۆژ مانەوەیاندا، هەڵسەنگاندنیان بۆ شێواز و ئاستی خوێندن، باڵەخانەی کۆلێجەکە و سەرجەم داواکارییەکانی دیکە کرد کە بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە پێویستبوون و تێبینی و داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری، پێشکەش بە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆکە کرد.

د. بەرا‌ رەمزی، مامۆستا لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی، ئەندامی لیژنەی سەرەکیی پرۆسەکە و سەرۆکی لیژنەی نووسینی ئەکادیمی پرۆسەکە، کە لە کۆتایی کارەکاندا، سەرجەم بەڵگەنامەکانیان کۆکردەوە و پێشکەشیانکرد، بە کەناڵ8ی راگەیاند: "بیرۆکەکە لە ساڵی 2010-2011ەوە پێشنیازکراوە، بەڵام کاری لەسەر نەکراوە. دەستپێکردنی کرداریی پرۆسەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 و سەرەتاکانی 2023 دەستیپێکرد. کارەکان لەلایەن لیژنەی سەرەکی و چەند لیژنەیەکی بچووکترەوە، کە کاریان راپەراندنی ئەرکەکان بوو لە ئاستێکی دیاریکراودا، بەڕێوەدەبران. سەرجەم ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کارەکانی لیژنەکانیان جێبەجێدەکرد، نزیکەی 50 کەس بوون، 30 مامۆستای زانکۆ، 10 خوێندکار و 10 فەرمانبەری کۆلێژیش وەک هاوکاری بۆ پرۆژەکە بە خۆبەخش بەشداربوون. جگە لەم 50 کەسەش، چەندین کەسی دیکە هاوکارییان کردووین لە راپەڕاندنی کارەکاندا و بە شێوازی جیاواز خزمەتی پرۆژەکەیان کردووە."

لەبارەی گرنگیی متمانەپێبەخشینەکەوە، د. بەرا گووتی: "زۆرینە باسی ئەوە دەکەن کە گرنگترین دەستکەوتی پرۆسەکە ئەوەیە کە خوێدنکاران و دەرچووانی پێشووی کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی دەتوانن لە دەرەوەی وڵات گۆڕانکاری لە نمرە و بڕوانامەکانیاندا بکەن و لە خوێندنی پاش بەکالۆریۆس وەربگیرێن، ئەمە دەستکەوتێکی ئێجگار گرنگە، پێشتریش دەکرا، بەڵام لە ئەگەری تەواونەکردنی ئەم پرۆسەیەدا، رێکارەکان توند دەکرانەوە و دەرچووانی پێشووش نەیاندەتوانی چیدیکە لە وڵاتانی دەرەوە درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام سەرەڕای گرنگیی ئەم دەستکەوتە، گرنگییەکانی دیکەی لە بەرەوپێشچوونی کۆلێجەکەدایە، واتا ئێمە خۆمان بەرەوپێشدەبەین و ئاستی جۆرێتیی خوێندن لە زانکۆکەماندا بەرزدەکەینەوە."

لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵ8دا لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی پاش پرۆسەکە لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانیدا دەبینرێن و سوود بە خوێندکارانی کۆلێجەکە دەگەیەنن، د. بەرا گوتی: "ئێمە پێشتر پلانی ستراتیجیمان نەبوو، شتێک هەبوو کە تایبەت بوو بە زانکۆی سلێمانی و لەسەری دەرۆشتین، بەڵام پلانێکی تایبەتمان بە کۆلێجی پزیشکی نەبوو. کاتێک لیژنەکە هاتنە ئێرە، لێیان پرسین کە پلانی ستراتیجی ئێمە چییە؟ چۆن لە داهاتووی خۆمان دەڕوانین، لە دە ساڵی داهاتوودا خۆمان لە کوێدا دەبینین و چۆن دەگەین بەو ئامانجانە؟ روونیشیانکردەوە کە بۆ پەسەندکردنی پرۆسەکە، پێویستیان بە ژێرخانێکی تۆکمەیە بۆ کۆلێجەکە، هەر لە تاقیگە، کتێبخانە و هۆڵی خوێندنەوە تاوەکو نەخۆشخانەی فێرکاریی پسپۆڕییە جیاوازەکان. ئێمە لە زانکۆی سلێمانی، نەخۆشخانەی فێرکاریمان هەبوو، بەڵام لە رووی تاقیگە و هۆڵی خوێندنەوە، گۆڕانکاریی زۆرمان پێویست بوو و لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەرجەم گۆڕانکارییەکانمان جێبەجێکرد. هاوکات ئێستا خاوەنی پلانێکی ستراتیجیی درێژخایەنیشین."

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی لیژنەکە، بە گوتەی د. بەرا، گۆڕینی سیستمی خوێندنی زانکۆکەیە، کە سیستمەکە گۆڕانکاری تێداکراوە و کراوەتە سیستمی تێهەڵکێش، کە یارمەتیی خوێندکار دەدات زۆرترین بەشداریی لە سیستمەکەدا هەبێت و سوود لە سەرجەم پێداویستییەکانی ژیانی ناو کامپەس وەربگرێت وەکو خوێندکار. هاوکات داواشیان کردووە، توێژینەوە لە زانکۆکەدا زیادبکرێت.

یەکێک لە گۆڕانکارییەکانی دیکە، کە د. بەرا زۆر بە گرنگییەوە ئاماژەیپێکرد، ئەوەیە لەم سیستمە نوێیەدا، خوێندکار لە سەنتەردا دەبێت، لە ناو زانکۆ رێکخراوی تایبەت بە خۆیان دەبێت و هاوکات لەگەڵ کۆلێج و زانکۆ نێودەوڵەتییەکان پەیوەندیمان دەبێت، گوتیشی، "سەرجەم ئەم پرۆسانەمان دەستپێکردووە و لیژنەکە دەرەنجامەکانیان بینیوە. ئەم گۆڕانکارییانە ئێجگار گرنگن و بەشێکن لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی کۆلێجەکەمان."

لەبارەی بەرەوپێشبردنی ئاستی زانکۆی سلێمانییش، بە کەناڵ8ی گوت: "بێگومان هاوکار دەبێت لە پێشخستنی پلەی زانستیی زانکۆکەدا، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی خێرا نییە و کاتی پێویستە تا رێکخستنەوەی پلە بۆ زانکۆکان دەکرێت، بەڵام بێگومان هاوکار دەبێت و لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەنجامەکە دەبینین."

سارا فەرهاد، خوێندکاری قۆناغی شەشەمی کۆلێجی پزیشکی، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەکەوە بەشێک بووە لێی و لە ئەنجامدانی کارەکاندا بەشداربووە، بە کەناڵ8ی راگەیاند: "ئەو خوێندکارانەی لە پرۆسەکەدا بەشداربوون، چەند کارێکی جیاوازییان دەکرد، هەر لە ئامادەکردنی بەڵگەنامەکانەوە، تاوەکو بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی تیمی سەرپەرشتیاری پرۆسەکە. تۆمارکردنی سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکە و گۆڕانکارییەکانیش، یەکێکن لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ئەم پرۆسەیە، چونکە تۆمارکردن، بەشێکی سەرەکی هەموو کارێکە و هەنگاوێکی گەورەیە لەبەرەوپێشبردنی دەمەزراوەکاندا. لەگەڵ پرۆسەی تۆمارکردنەکەشدا، هەنگاوێکی گرنگی دیکە، بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکانی کۆلێژە."

سارا گوتیشی: "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، نۆژەنکردنەوە لە بەشێکی زۆری هۆڵەکانی خوێندن و باڵەخانەی کۆلێژی پزیشکییشدا کراوە، کە سیمایەکی جوانتری بە کۆلێژەکە بەخشیوە. هەروەها خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی لە ئێستادا خاوەن رێنامەی تایبەت بە خۆیانن، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو شتانەی کە پێشتر بوونی نەبووە و ئێستا لەلایەن راگرایەتیی کۆلێژەوە ئامادەدەکرێت و خوێندکار دەتوانێت لە کاتی هەبوونی پرسیاردا، بگەڕێتەوە بۆ ئەم رێنامەیە. بڵاوکردنەوەی خشتەی ساڵانەی کارکردنی کۆلێژیش، کارێکی نوێیە و خوێندکار دەتوانێت کاتی پشووەکان، رۆژەکانی خوێندن و تاقیکردنەوەکان لە سەرەتای ساڵەوە بزانێت. سەرجەم ئەم پرۆسانەش، هەر لە پرۆسەی تۆمارکردن، بە دیجیتاڵکردن و خشتەی ساڵانەوە، شەفافییەت زیاد دەکەن و لە بەرژەوەندی خوێندکاردان، چونکە روونتر ئاگاداری گۆڕانکاری و پلانەکانی تاقیکردنەوە و نمرەکانی خۆیان دەبن لە کۆلێجەکەدا."

سارا بە گرنگییەوە باسی رۆڵی خوێندکارانیشی کرد لە پرۆسەکەدا، کە بە بەرەوپێشچوونێکی گەورەی دەزانێت، بە گوتەی ئەو، پرۆسەکە لەلایەن چەند لیژنەیەکەوە بەڕێوەبراوە و هەر لیژنەیەک لە سەر لایەنێکی پرۆسەکە کاری کردووە، لەسەرجەم لیژنە و تیمەکانیشدا، دوو خوێندکار بەشداربوون و لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکاندا، پرسیان پێکراوە و رایان وەرگیراوە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان. ئەمەش دووبارە دەرخەری ئەو راستییەیە کە د. بەرا ئاماژەی پێکرد، سەبارەت بەوەی سیستمەکە دەبێت سیستمێک بێت کە خوێندکار تێیدا لە سەنتەردایە. ئەم بەشداریکردنەی خوێندکارانیش، بە گوتەی خوێندکارەکەی قۆناغی شەشی کۆلێجی پزیشکی، هەنگاوێکی نوێیە و خوێندکار ئێستا لە ناوەندی بڕیاری کۆلێجەکەدایە، سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەستن بە خوێندنەوە و ئەو بابەتانەش کە چالاکیی دەرە-خوێندنن، بەتایبەت یانەکانی تایبەت بە چالاکییەکانی، وەک وەرزش، شاخەوانی، دیبەیت و مۆسیقا. خوێندکارانی کۆلێجی پزیشکی لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لە بەکارهێنانی یاریگەکانی ناو کامپەسەکەی خۆیان و بە شێوەیەکی فەرمییش، رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە کە بتوانن یاریگە و مەلەوانگەکانی کامپەسی نوێی زانکۆی سلێمانی بەکاربهێنن.

لە درێژەی قسەکانیدا بۆ کەناڵ8، گوتیشی: "بەشداریی چالاکی خوێندکاران لە پرۆسەی متمانەپێبەخشینەکەدا، سەرەتایەکە بۆ پرۆسەیەکی درێژخایەنتر کە خوێندکاران راستەوخۆ بەشێکدەبن لە بەڕێوەبردنی کۆلێجەکەیان، هاوکات سەرجەم خوێندکاران پێویستە بە وردی ئاگاداری سیستمە نوێکە بن و بزانن سیستمی خوێندنەکەیان چۆن کار دەکات، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لە ناو کۆلێجدا چەند پرسیارنامەیەکمان بڵاوکردەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستیی ئاگاداریی خوێندکاران و تێگەشتنیان لە سیستمەکە، ئەنجامەکانیش بەرزتربوون لە ئاستی چاوەڕوانییەکانمان. لە پێناو باشترکردن و خێراکردنی ئەم کارەشدا، لە ناو باڵەخانەی کۆلێج، چەند شاشەیەک دانراون کە تێیدا هەرەمی کارگێڕیی کۆلێجەکەی تێدایە و خوێندکاران دەتوانن بەرچاوڕوونی زیاتریان هەبێت سەبارەت بە کارەکان."

خاڵێکی دیکە کە ئێجگار گرنگە و خوێندکارەکە بۆ کەناڵ8ی روونکردەوە، پەیوەندیی راستەوخۆی بە تەندروستی و دۆخی دەروونیی خوێندکارانی کۆلێجەکەوە هەیە، ئەویش هەماهەنگی کۆلێجی پزیشکییە لەگەڵ رێکخراوی سید بۆ دابینبکردنی پاڵپشتی دەروونی بەردەوام بۆ خوێندکاران. بە گوتەی سارا، ئەمە یەکێکی دیکەیە لە گۆڕانکارییەکان و خوێندکاران لەمەودوا دەتوانن لە کۆلێجەکەی خۆیاندا، پاڵپشتی دەروونییان پێشکەشبکرێت.