سەرکەوتن پاریس دەکاتە پاڵه‌وان

یانەی پاریس سانجێرمانی پێشەنگی خولی فەرەنسا، ئەمشەو لەگەڕی 31ی خولەکەدا لە پارک دی پرێنس میوانداریی یانەی لۆ هاڤەر دەکات و لەئەگەری بردنەوەی یارییەکە راستەوخۆ ناسناوی ئەم وەرزەی لیگ وەن یەکلادەکاتەوە.

یانە پاریسییەکە بەکۆکردنەوەی 69 خاڵ و بەجیاوازیی 11 خاڵ لەپێش مۆناکۆی دووەمی ریزبەندییەوە دەبینرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە خولی فەرەنسا تەنیا چوار هەفتەی ماوە تاوەکو کۆتایی بێت.

لەئەگەری بردنەوەی یارییەکەش پاریس سانجێرمان بۆ 12 یەمین جار لەمێژوویدا ناسناوی خولەکە بەدەستدەهێنێت و رەنگە لەدوایین وەرزی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ یانەکەدا بتوانن سێ ناسناو بەدەستبهێنن.

پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی فەرەنسا و لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگیش رووبەڕووی یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند دەبێتەوە.

یانەکەی پایتەختی فەرەنسا لەم وەرزەی خولی فەرەنسا تەنیا دووچاری یەک شکستبووە، بەڵام لۆ هاڤەری میوانی لەدوایین پلەی ریزبەندییەکەدایە.