کارەبای سلێمانی: لە ئێوارەی دوێنێوە پێنج کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دراوە بە هاونیشتمانییان

تاوەرێکی کارەبا لە سلێمانی، فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8

بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو ئێستا پێنج کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دراوە بە هاونیشتمانییان.

ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە، نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە و کاریگەریی لەسەر پێدانی کارەبای نیشتمانی هەبووە، لە ساتی رووداوەکەوە تاوەکو ئێستا توانیویانە پێنج کاتژمێر کارەبا بە هاونیشتمانییان بدەن.

گوتیشی، بەهۆی ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر هەوڵمانداوە کەمبوونەوەی کارەبا کاریگەریی زۆر لەسەر هاونیشتمانییان نەبێت، بەڵام هەناردەکردنی کارەبامان بۆ پارێزگاکانی عێراق بە تەواوی راگرتووە و هەناردەی کارەبا سفرە، ئەو بڕەی بەرهەمدەهێنرێت دەدرێت بە هاونیشتمانییان.

هاوکات، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە، دوای هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیوویانە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەنەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات و ماندوونەناسانە بە درێژایی شەوی رابردوو تاوەکو ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە و رێگایان نەدا كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات".

دەشڵێت، ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانیی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر، سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە.

شەوی رابردوو لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشكرایەسەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان و بەهۆیەوە چوار كەس كوژران و چەند كەسێكی دیكەش برینداربوون، ناردنی گازیش بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەو کێڵگەیە بە تەواوی وەستا.