ئێران سنوورەکانی وڵاتەکەی تەلبەند دەکات

جێگری ئەمنیی وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، بڕێ سێ ملیار یۆرۆ بۆ دیوارکردن و تەلەبەندکردنی سنوورەکانی ئێران تەرخانکراوە تاوەکو کێشەی ئەمنی کەمبکرێتەوە و رێگری لە قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان و چەک بکرێت.

مەجید میر ئەحمەدی راشیگەیاند، ساڵانە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار کاڵای قاچاخ دەبرێتە ئێران و جگە لە زیانی ئابووری، قاچاخچێتیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک بارگرژی بۆ ئێران دروستدەکات.

بۆ ئەوەش ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بڕیاریداوە بڕی سێ ملیار یۆرۆ بۆ فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ تەلبەندکردن و دیوارکردنی سنوورەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا خەرجبکرێت.

بە گوتەی ئەحمەدی، ئامانج لەو کارە بەرزکردنەوەی ئاسایش و رێگریکردنە لە قاچاخچێتیی مرۆڤ و چەک، کەمکردنەوەی زیانە ئابووری، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانی دانەخستنی سنوورەکانە.

گوتیشی، بابەتی تەلبەندکردن و دیوارکردنی سنوورەکان لەلایەن محەمەد باقری، سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە سەرپەرشتیدەکرێت و ئەو کارە ئێستا گرنگترین کاری سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و پرۆسەکە بە رێنماییەکانی ئەو بەڕێوەدەچێت.

سوپا، سوپای پاسداران، هێزەکانی پۆلیس و بڕیارگەی خاتەمول ئەنبیا لەژێر فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا، توانای ئەندازەیی و مرۆیی خۆیان بۆ تەلبەندکردن و دیوارکردنی سنوورەکان بەکاردەهێنن. هاوکات لەگەڵ دیوارکردن و تەلبەندکردنی سنوورەکاندا، سیستمی هۆشمەند بۆ چاودێریکردنی سنوورەکانیش دادەنرێت.