وردەکاریى ئەو سزایانەى بۆ کارى لەشفڕۆشى و هاوڕەگەزخوازی لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسەندکران

دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فۆتۆ: ماڵپەری فەرمیی پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانى عێراق لە دانیشتنى ئەمڕۆیدا پڕۆژە یاسای هەموارکراوى بەرەنگاربوونەوەى لەشفرۆشى پەسەندکرد و جگە لەوەى بەتاوانى بێئابڕووانەى ناوبرد چەند سزایەکیشى بۆ دیارییکرد.

لە پرۆسەى دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە، ناوى یاساکە کرا بە "یاساى بەرەنگاربوونەوەى لەشفرۆشى و هاورەگەزخوازی" و بەگوێرەى یاساکەش چەند سزایەک دیارییکرا.

لەیاساکەدا هاتووە "گۆڕینى رەگەزى بایلۆجى بەگوێرەى داواکارى کەسەکان قەدەغەدەکرێت و کارى گۆڕینى رەگەزیش بۆ یەکلاییکردنەوەى رەگەز بەگوێرەى بڕیارى دادگا و ئەو رێنماییانە دەبێت کە وەزارەتى تەندروستى دەریدەکات".

ئاماژە بەوەش کراوە "دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان و وەزارەتى گەیاندن پابەند دەکرێت بۆ بەدواداچوون و رێگریکردن لەهەر کارێک کە رەواج بە هاورەگەزخوازیى و بڵاوکردنەوەى بابەتى بێڕەوشتى و دوور لە ئاداب و نەریت بدات".

لەیاساکەدا سزاکانیش بەمجۆرە دیارییکراون:

هەر کەسێک کە کارى دەلاڵى دەکات بۆ لەشفرۆشى و ئەوانەشى کە هاوکارییان دەکەن بەلانى کەم بەسزاى حەوت ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنى لانى کەم پێنج ملیۆن دینار و 10 ملیۆن زیاتر نەبێت، سزا دەدرێن.

ئەم سزایە خاوەنى هەر فرۆشگە و شوێن و جێگەیەیەک دەگرێتەوە کە رێگە بە کۆکردنەوەى خەڵکانێک بدات بۆ کارى لەشفرۆشى و هەروەها هەر کەسێک خانەیەکى بەدڕەوشتى هەبێت و سەرپەرشتى بکات.  

هەر کەس کارى لەشفڕۆشى بکات بە حەوت ساڵ زیندانیکردن یاخود بە غەرامەکردنى لانى کەم سێ ملیۆن و لە پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.  

هەر کەسێک بەفێڵ و لەژێر هەڕەشەدا کەسێکى سەروو تەمەن 18 ساڵ ناچار بکات بە کارى لەشفڕۆشى و هاوڕەگەزخوازى، بە زیندانیکردن بۆ ماوەى 10 ساڵ زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

هەر کەسێک بەفێڵ و لەژێر هەڕەشەدا کەسێکى خوار تەمەن 18 ساڵ ناچار بکات بە کارى لەشفڕۆشى و هاوڕەگەزخوازى، بە زیندانیکردن بۆ ماوەى 15 ساڵ زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت. دەبێت قەرەبووى دادپەروەرانەى قوربانییەکەش بکرێتەوە.

هەر کەسێک پەیوەندییەکى هاوڕەگەزخوازیى ببەستێت بە لانى کەم 10 ساڵ زیندانیکردن و 15 ساڵ زیندانیکردن زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

هەر کەسێک رەواج بە لەشفرۆشى و هاوڕەگەزخوازیى بدات بەلانى کەم حەوت ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنى لانیکەم 10 ملیۆن و 15 ملیۆن زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.  

هەر کەسێک بە مەبەست بەرجەستەى ژنێتى بکات و تەرویج بدات بۆى بە زیندانیکردن بەلانى کەمەوە یەک ساڵ و 3 ساڵ زیاتر نەبێت و غەرامەکردنى لانى کەم 5 ملیۆن دینار و لە 10 ملیۆن زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

هەر کەسێک رەگەزى بایلۆجى خۆى بگۆڕێت یان کارى بۆ بکات سزا دەدرێت بە زیندانیکردنى لانى کەمى یەک ساڵ و سێ ساڵ زیاتر نەبێت. هەمان سزاى هەر پزیشکێکیش دەدرێت نەشتەرگەرییەک ئەنجام بدات پێچەوانەى ئەم یاسایە.

تاوانى لەشفرۆشى و هاوڕەگەزخوازیى و تاوانى گۆڕینى رەگەز و رەواجدان بەو تاوانانە، دادەنرێن بە تاوانى بێئابڕوویى.