نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی ياسا

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی ياسا رایگەیاند، بیستوویانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن بۆ دواى مانگى 10ـی ئەمساڵ.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی ياسا ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد رایگەیاند، لیژنەیەک کار لەسەر پرسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات و بیستوویانە لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن بۆ دواى مانگى 10ى ئەمساڵ.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەسەڵاتى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستاندایە چ وادەیەک بۆ هەڵبژاردن دیاریدەکات.

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نوری مالیکی گوتی، پێدانى مووچە بەردەوام دەبێت.

گوتیشی، پێویستە کێشەکان بەگوێرەى دەستوور چارەسەر بکەین و هەوڵدەدەین چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە و گەشبینم.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی ياسا باسی لەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانى چەند پێشنیازێکى بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەبووە.