کەناڵ8 وادەی ناردنی مووچەی مانگی نیسان لە بەغدادەوە ئاشکرا دەکات

دینارى عێراقى. فۆتۆ: کەناڵ8

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە پارەی مووچەى مانگى نیسانی فەرمانبەران رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکرێت.

سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایى و ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئاگادار لە گفتوگۆکانى بەغداد، بە کەناڵ8ـی گوت، "کۆتایى ئەم هەفتەیە پارەی مووچەى مانگى نیسانى 2024 دەخرێتەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان".

ئەوەشى دووپاتکردەوە، "وەزارەتى دارایى هەموو ئامادەکارییەکانى تەواوکردووە بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان و دواى گەیشتنى کۆى پارەی مووچە کە بڕەکەى 949 ملیار و 813 ملیۆن دینارە، دابەشکردنى مووچە دەستپێدەکات".

رۆژى یەکشەممە 21ـی نیسانی، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کراوە.

وەزارەتەکە راشیگەیاندبوو، بڕیارە دوای وردبینیکردنی لیستەکان، تەمویلی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان رەوانەبکرێت.