بەرشلۆنە دەیەوێت یاریزانێکی ریال بێتیس بگوازێتەوە

گیدۆ رۆدریگێز، یاریزانی یانەی ریال بێتیس و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین. فۆتۆ: AP

یانەی بەرشلۆنە دوای ئەوەی لە کۆبونەوەکەیان مانەوەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەریان راگەیاند، لەگەڵ بەڵێنی باشتربوونی بارودۆخی دارایی یانەکە، ئێستا لە چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی، دەنگۆی ئەوە هەیە کە یانەکە بە نیازە گیدۆ رۆدریگێزی یاریزانی یانەی ریاڵ بێتیس بگوازێتەوە.

ئەگەر ئەو هەواڵانە راستبن، ئەوا بەرشلۆنە یەکەم گرێبەستی هاوینەی واژۆ دەکات، گیدۆ رۆدریگێز کە تەمەنی 30 ساڵە و ناوەڕاستکاری یانەی ریال بێتیسە، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە پاڵ لیۆنێل مێسی و پاولۆ دیبالا و جولیان ئالڤارێز یارییدەکات.

رۆژنامەنووسێک لە رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بە ناوی تۆنی جوانمارتی، کە زانیارییەکانی لە نزیک یانەی بەرشلۆنە وەرگرتووە، بڵاویکردەوە، کە یانەکە بە نیازە بە شێوەی خواستن ئەو یاریزانە بگوازێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بەرشلۆنە بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەو ناوەڕاستکارەی دەوێت و بە رەزامەندی هەردوولاش بۆ ساڵێکی دیکەش دەتوانن گرێبەستەکەی درێژبکەنەوە، جوانمارتی لە سەرچاوەکەیدا راشیگەیاند، کە یانەکە بە دوای ئەو یاریزانانە دەگەڕێت کە لەگەڵ بارودۆخ و توانای دارایییان بگونجێت، چونکە هێشتا یانەکە قەیرانی دارایی بە تەواویی چاک نەکردووە.

گیدۆ رۆدریگێز، یاریزانی یانەی ریال بێتیس و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین. فۆتۆ: AP