شاکیرا: بەدوای پیاوێکدا دەگەڕام وەک باوکم بێت

شاکیرا، خانمە هونەرمەندی جیهانی، بە روونی باسی لەو قوربانییانە کردووە کە دوای جیابوونەوەی لە پیکێ داویەتی، هەروەها ئاشکرایکردووە کە هێشتا بڕوای بە خۆشەویستیی هەیە، وێڕای ئەوەی بێهیوا بووە لەو جۆرە پەیوەندییە.

شاکیرا لەبارەی پەیوەندی خۆشەویستیی و ژیانی هاوسەرییەوە، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "ماری کلێر" گوتوویەتی، بەدوای کەسێکدا دەگەڕام وەک باوکم بێت، دەمویست منداڵمان هەبێت، بەدرێژایی ژیان لەگەڵ ئەودا بم بەهەمان شێوەی دایک و باوکم، کە تاوەکو ئێستا یەکتریان خۆشدەوێت، لەپێناو ئەمەشدا قوربانی زۆرمدا و زۆریش بەوەفا بووم، بەڵام هەندێکجار شتەکان بەو جۆرە ناڕۆن کە چاوەڕوانیان دەکەین.

وێڕای ئەو بێهیواییەی پێیدا تێپەڕیوە، ئەو گۆرانیبێژە کۆڵۆمبییە گوتوویەتی، "ناتوانم بڵێم کە بڕوام بە خۆشەویستی نیە، چونکە ن دایک و باوکم دەبینم 50 ساڵە بەیەکەوەن و دەبینم چۆن سەیری یەکتر دەکەن".

لەلایەکی دیکەوە باسی فیلمی "Barbie" کرد و گووتی، دوو منداڵەکەی "رقیان" لەو فیلمەیە. هەروەها لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "Allure"ـدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەیری فیلمەکەی کردووە، و دەڵێت، "منداڵەکانم هەستیان دەکرد شتێکی ناڕەحەت لەو کارەدا هەیە، منیش هاوڕام لەگەڵیاندا، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی من دوو منداڵ پەروەردە دەکەم، دەمەوێت هەست بە هێز بکەن و رێز لە ژنان بگرن".

شاکیرا ئیزابێل میباراک ریپۆل، ناسراو بە شاکیرا، ئێستا تەمەنی 47 ساڵە، لە تێکڕای ژیانی هونەریی خۆیدا، 11 ئەلبومی موزیکیی تایبەت بە ستۆدیۆ و پێنج ئەلبومی راستەوخۆی بەرهەمهێناوە، کە بەتێکڕای ئەلبومەکان، 69 گۆرانیی و 62 کلیپی هونەریی بەرهەمهێناوە.

لە ئاستی فرۆشی ئەلبومەکاندا، سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، 125 ملیۆن ئەلبومی موزیکی فرۆشتووە، خاوەنی 500 خەڵاتی جیاوازە، لەوانە سێ خەڵاتی گرامیی و 14 گرامیی لاتینی، بەمەش بووە بە رێزلێنراوترین هونەرمەندی ئەمریکای لاتین.

شاکیرا لە ساڵی 2022ـدا لە پیکێ جیابووەوە، لە رابردوودا شاکیرا باسی لەوەکردبوو کە ئەو جیابوونەوەیە کاریگەریی گەورەی لەسەریه هەبووە و کاتێکی زۆری خایاندووە تا چاک ببێتەوە.