ئەو گۆرانیبێژە فەرەنسییەی ئەلبوومێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە دەڵێت: من ئاوێنەی کوردانم

ئێلێنۆرا فۆرنیا، ئەو خانمە هونەرمەندە فەرەنسییەی کە ئەلبوومێکی گۆرانی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە، بە گرنگییەوە باس لە هونەریی کوردی و حەزی بۆ زمانی کوردی دەکات و دەڵێت: من ئاوێنەی کوردانم، ئەوان هەرکاتێک تەماشای من بکەن خۆیان دەبینن.

ئێلێنۆرا فۆرنیا، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی فەرەنسی، کە نیشتەجێی باکووری کوردستانە، گرنگییەکی زۆری بۆ هونەر، کولتوور و جوگرافیای کوردی هەیە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "Gazete Duvar"، گوتی، "لە ساڵی 2010 هاتمە ئیستانبوول، لەوێدا دەستم بە فێربوونی موزیکی تورکی کرد، چەند کەسێکی کوردم ناسی، بەیەکەوە گروپی "ئیزمان" پێکهێنا و بەم جۆرە بە موزیکی کوردی ئاشنا بووم و دەستمان پێکرد".

لەبارەی سەرەتای گرنگیدان و فێربوونی زمانی کوردی، ئێلێنۆرا باسی لەوەکرد، وانەی زمان و موزیکی کوردی وەرگرتووە، بە نمونە لەلای دەنگبێژ خالیدە-دا، دەڵێت "زیاتر دەنگی کوردان سەرنجی رادەکێشام، چونکە زۆر قوڵ و بەهێزە دەنگیان، بەتایبەت دەنگبێژەکان زۆر سەرنجیان رادەکێشام".

هەروەها گوتوویەتی، "بەدڵنیاییەوە کولتوور و کەلەپوور و جوگرافیای کوردان بەهەمان شێوە جێگەی سەرنجم بوون، زۆر شوێن گەڕام، لەوانە وان، دێرسیم، مێردین، دیاربەکر و چەندین شوێنی کوردیی دیکە، لە نەورۆزی ساڵی 2022ـشدا لە دیاربەکر گۆرانیم گوت".

لە باسی بەرهەمە کوردییەکانییەوە، ئێلێنۆرا ئاماژەی بەوەکردوە، بڕوام وایە کە کوردەکان موزیک و گۆرانی منیان بەدڵە، بە گەرمی پێشوازییان لەوە کرد کە ژنێکی فەڕەنسی گرنگیی بە کولتووری کوردی بدات.

ئەو خانمە هونەرمەندە باسی لە گۆرانییەکانی ئەلبوومەکەی کردووە، ئاشکرایکردوە، "هەڵبژاردنی گۆرانییەکی کوردی بۆ گوتن سەخت بوون، کاتێکی زۆری ویست چونکە من دەمویست هەموو رەنگەکانی گۆرانی کوردی جێبکەمەوە لە ئەلبوومەکەدا، دەبوو تەنها 12 گۆرانیش بێت، ئەمەش سێ بۆ چوار ساڵی خایاند".

لە باسی ئەلبوومەکەیدا گوتی، گۆرانی کورمانجی تێدایە چونکە کورمانجی باشتر دەزانم، سۆرانی و زازاکیشی تێدایە، هەروەها دوو بەستەی تێدایە کە یەکێکیان خۆم نووسیمە و ئەوەی دیکەیان هاوڕێیەکم نووسیویەتی.

خانمە هونەرمەندی فەڕەنسی، کە خۆی بە بەشێک لە گەلی کورد دەزانێت جەختی لەوەکردووەتەوە، "من وەک ئاوێنەیەکم بۆ کوردەکان، چونکە کورمانجییەکان وەک کچێکی کورمانجی دەمبینن، سۆرانییەکان وەک کچێکی سۆرانی، بەهەمان شێوەش زازاکییەکان دەڵێن تۆ کچی زازاکیت، بۆیە من ئاوێنەیەکم بۆ ئەوان، هەرجارێک سەیری من دەکەن خۆیان دێتە بەرچاو".

ئەلبوومەکەی ئێلێنۆرا لە دوو ستۆدیۆ لە ئیستانبوول و فەڕەنسادا تۆمارکراوە، ژمارەیەکی زۆر موزیسیان بەشدارییان لە ئەلبوومەکەدا کردووە، کە ژمارەیان دەگات بە 34 موزیکژەن، لەگەڵ چەندین ئامێری کوردیدا.

لە کۆتاییدا گوتوویەتی، "هیواخوازم ئەلبوومێکی دیکە تۆماربکەم، بەڵام بەو هیوایەی ئەمجارە کاتێکی کەمتر بخایەنێت، نەک وەک ئەلبوومی پێشووم سێ بۆ چوار ساڵ بخایەنێت".