هیچکۆک.. مامۆستای گۆشەی سینەما و دەروونی کارەکتەر

یەکێکە لە دیارترین دەرهێنەرەکانی مێژووی سینەما، لە ئاستەکانی تەکنیک و ناوەڕۆکدا، کاریگەرییەکی گەورەی دروستکردووە و بەرهەمەکانی تاوەکو ئێستا، وەکو وانەی گرنگی سینەما لێیان دەڕووانرێت.

ئالفرێد جۆزێف هیچکۆک، رێکەوتی 13ی ئابی 1899، لە بەریتانیا لەدایکبووە، لە بنەماڵەیەکی فرە کولتووریی ئینگلیزی و ئێرلەندی پەروەردە بووە، برا بچوکی دوو منداڵ بووە، لەسەر بنەما ئاینییەکانی کڵێسای کاسۆلیکی وانەی ئاینیی فێردەبێت و دونیابینییەکەی بە ئاین رەنگ دەکرێت.

ساڵی 1915، لە بیستەکانی تەمەنیدا خولیایەکی گەورەی سینەمایی لە هزریدا چەکەرە دەکات، خوێنەرێکی بەردەوامی جۆرناڵە ئەمریکییەکان بووە، سینەما بووە بە ماڵی دووەمی و زۆرترین فیلمی تیادا بینیوە.

پیشەی سینەمایی هیچکۆک ساڵی 1919 وەکو دیزاینەری کارت دەستپێدەکات، تاوەکو ساڵی 1923 بەم جۆرە بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی، دەرهێنەری فیلمی "Always Tell Your Wife" نەخۆشدەکەوێت و ئەرکی تەواوکردنی دەرهێنانی فیلمەکە دەخرێتە ئەستۆی هیچکۆک، بەم جۆرە وەکو دەرهێنەرێکی سەرەتایی ناوبانگ پەیدادەکات و گەشتە سینەماییە راستەقینەکەی دەستپێدەکات.

ساڵی 1940، بنەماڵەی هیچکۆک روو لە ئەمریکا دەکەن و لە هۆڵیوود دەگیرسێنەوە، هیچکۆک دەبێت بە ناوێکی گەورە و دیاری پیشەسازیی فیلمی ئەمریکی و ژمارەیەک لە دیارترین فیلمەکانی لەم وڵاتەدا بەرهەمدەهێنێت.

ساڵی 1979، پاش تێپەڕینی چەندین دەیە بەسەر دەرهێنانی باشترین فیلمەکانیدا، تەندروستی هیچکۆک روو لە خراپیی دەکات و لە کۆتایی ساڵەکەدا و رێکەوتی 29ی نیسان، بەهۆی نەخۆشی گورچیلەوە لە قوڵایی خەودا کۆچیدوایی دەکات.

هیچکۆک لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، توانیویەتی دەرهێنان بۆ 68 فیلم بکات، بەرهەمهێنەری 29 فیلم و سیناریستی 31 دانە بووە، لە دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

Rear Window 1954
Dial M for Murder 1954
Suspicion 1957
Vertigo 1958
Psycho 1960
Frenzy 1972

ژیاننامەی هیچکۆک، پڕیەتی لە بەرهەمی پەنهان و ونبوو، هاوتای چەندین رووداوی سەرنجراکێش، فیلمی "The Mountain Eagle"، کە یەکێکە لە سەرەتاییترین فیلمەکانی هیچکۆک، ئێستا بە فیلمێکی ونبوو دادەنرێت و جگە چەند پۆستەر و کارتێکی چاپکراو، هیچ شوێنەوارێکی نەماوە.

لە ژیانی تایبەتییدا و لە سەکۆی پشتەوەی تۆمارکردنی فیلمەکاندا، هیچکۆک خولیا و حەزێکی گەورەی بۆ گاڵتەوگەپ و ترساندنی پێکەنیناوییانە هەبووە، بەردەوام نوکتە و گاڵتەوگەپی لەگەڵ هاوکار و ئەندامانی خێزانەکەی کردووە و لەلای زۆرینە وەکو دەرهێنەری دڵخواز ناسێنراوە.

هیچکۆک بە سانسۆر و مەرجە توندەکانی هۆڵیوود کاریگەر بووە و بەردەوام دژیان وەستاوەتەوە، لە دەرهێنانی فیلمی سایکۆدا، هەوڵیداوە رەشنووسی کتێبەکە و تێکڕای چاپکراوەکانی بکڕێتەوە، بەمەبەستی شاردنەوەی کۆتاییەکەی و دروستکردنی گرێیەکی کراوە بۆ فیلمەکەی، تاوەکو بینەران نهێنی دەرئەنجامی ئەم فیلمەیان بۆ دەرنەکەوێت.

هەرچەندە هیچکۆک پێنج جار پاڵێوراو بووە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار، بەڵام هیچیانی نەبردووەتەوە، بەڵام ساڵی 1967، لەلایەن ئەکادیمیای زانست و هونەری وێنەی جووڵاوەوە، خەڵاتی شەرەفمەندیی پێدەبەخشرێت بۆ دەستکەوتی ژیان، لە مەراسیمەکەشدا، کورتترین گوتاری مێژووی خەڵاتەکە پێشکەشدەکات.