نیکۆل کیدمان بەرزترین خەڵاتی پەیمانگەی فیلمی ئەمریکی بەدەستهێنا

خانمە ئەکتەری دیاری هۆڵیوود، نیکۆل کیدمان، خەڵاتی دەستکەوتی ژیانی لەلایەن پەیمانگەی فیلمی ئەمریکییەوە پێبەخشرا.

نیکۆل کیدمان، یەکێکە لە دیارترین خانمە ئەکتەرەکانی سینەمای هۆڵیوود و جیهان، توانی لەڕێگەی بەشدارییەکی گەورەی سینەماوە، ببێت بە براوەی خەڵاتی دەستکەوتی ژیان لەلایەن پەیمانگەی فیلمی ئەمریکییەوە.

لە ستایشی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا، کیدمان دەڵێت، "مایەی خۆشحاڵییە بەردەوام بم لە دروستکردنی فیلم"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ هەست بە مەزنێتیی دەکەم کە توانیومە لەگەڵ بەرهەمهێنەران و گێڕەرەوەی چیرۆکە سینەماییەکاندا، ئازادانە کار بکەم و رۆڵی هەموو ئەو ژنە ناوازانە ببینم کە کارەکتەری ناو فیلمەکان بوون.

نیکۆل کیدمان، ئێستا تەمەنی 56 ساڵە، لە ئوسترالیا لەدایکبووە و لە ئەمریکا ناوبانگی بەدەستهێناوە، یەکێکە لە دیارترین خانمە سینەماکارەکانی مێژووی هۆڵیوود، لە نوێترین دستکەوتیشدا، توانیویەتی ببێت بە خاوەنی بەرزترین خەڵاتی پەیمانگەی فیلمی ئەمریکا.

دەرکەوتنی کیدمان لە سینەمای ئەمریکا و جیهاندا، دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، لە فیلمی "Days Of Thunder"، هاوتای تۆم کروزی ئەستێرەی دیاری سینەما، دەردەکەوێت و لە هەمان ساڵی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا، هاوسەرگیریی دەکەن، پاش تێپەڕینی چەندین ساڵ جیادەبنەوە، بەڵام کیدمان قازانجێکی گەورە لە سەربەخۆییەکەی دەکات و درەوشانەوەی زیاتر بەدەست دەهێنێت لە ئاسمانی بەرهەمهێنانی سینەمادا.

ئەم خانمە ئەکتەرە، توانیویەتی وەکو ئەکتەر، لە 103 فیلمدا رۆڵ بگێڕێت و بەرهەمهێنەری 18 فیلمیش بووە، خەڵاتێکی ئۆسکاری بردووەتەوە هاوتای 112 خەڵاتی جیاوازی دیکەی سینەمایی.