مەحسون کرمزگول پەشیمانە لە 17 ساڵ دورکەوتنەوەی

مەحسون کرمزگول هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی باکووری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە، دڵخۆشە بە گەڕانەوەی بۆ سەر سەحنەکان (شانۆکان) و گوتوویەتی، "ئەگەر بمزانیایە ئەوا لە شانۆ دوورنەدەکەوتمەوە".

کرمزگول، کە دوای 17 ساڵ دابڕان، لە ساڵی رابردوودا گەڕایەوە بۆ سەر تەختەی شانۆکان و ئاهەنگێکی پێشکەشکرد، لەبارەی ئەو ماوە زۆرەی تێپەڕیوە گوتوویەتی، "ئەگەر بمزانیایە هێندە جەماوەر و گوێگر هەن، ئەوا هەرگیز ئەو هەموو کاتە پشووم نەدەدا و دەگەڕامەوە بۆ سەر شانۆکان".

لەبارەی پڕۆژە نوێیەکانییەوە گوتوویەتی، "بەردەوام دەبم لە کارکردن لە بواری درامای تەلەفیزیۆنیدا، بەڵام لە ساڵی داهاتوودا وێنەی فیلمێک دەگرم، لەپێناو دروستکردنی درامایەکی نوێش، چاوپێکەوتنێکی باشمان لەگەڵ خەلیل ئارگون کردوە و هەموو رۆژێکیش یەکدەبینین".

باسی لەوەشکردووە، فیلمی "Prestij Meselesi" بووەتە هۆی ئەوەی زیانێکی گەورە بکات و دەڵێت، "هیچ یاسایەک نیە کە هەموو فیلمێک بەدڵی بینەران بێت، لەگەڵ ئەوەشدا من دڵخۆشم بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە، بەلایەنی کەمەوە وێنەی ئەو سیناریۆیەم گرت کە لە مێشکمدا بوو".

مەحسون کرمزگول، گۆرانیبێژ، دەرهێنەر و ئەکتەری باکووری کوردستانە، ساڵی 1969 لە دیاربەکر لەدایکبووە، لە ساڵی 1981ـەوە دەستی بە گەشتی هونەریی کردووە، چەندین ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە، گۆرانییەکانی لە تورکیا و باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستاندا گوێگرێکی زۆریان هەیە.