وێنەیەکی هونەریی هاری پۆتەر سەرنجی هەوادارانی راکێشاوە

بەرهەمێکی هونەریی هاری پۆتەر، دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی نوێ تۆماربکات لە فرۆشی ئەم زنجیرە گێڕانەوەیەدا.

وێنەیەکی هونەریی کێشراو بە بۆیەی ئاویی، کە یەکێکە لە دەگمەنترین وێنە کێشراوە رەسەنەکانی کەسایەتیی بەناوبانگی جیهانی ئەدەبیات و سینەما، هاری پۆتەر، بڕیارە هاوینی ئەمساڵ، بخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە و ژمارەیەکی نوێ تۆمار بکات لە فرۆشی هونەری کێشراوی ئەم کەسایەتییە.

ئەم وێنە هونەرییە، دروستبوونەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی یەکەم زنجیرە کتێبی هاری پۆتەر، بەمەش دەبێت بە دەگمەنترین هونەری تایبەت بەم گێڕانەوە خەیاڵییە، هاوکات رەخنەگرە هونەرییەکان پێشبینی دەکەن: ببێت بە گرانبەهاترین پارچەی پەیوەست بە هاری پۆتەر لە مێژوودا.

ئەم وێنەیە، ساڵی 1997، لەسەر دەستی هونەرمەندی شێوەکار، تۆماس تەیلەرەوە دروستکراوە، کە ئەوکات تەمەنی تەنها 23 ساڵ بووە، پێشبینی دەکرێت، رێکەوتی 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەگەڵ نمایشکردنی لە خانەی زیادکردنی سۆسەبی، بەنزیکەی 600 هەزار دۆلار کۆبکاتەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە خانەی سۆسەبی زیادکردنی ئاشکرا بۆ هونەرێکی کێشراوی هاری پۆتەر دەکات، ساڵی 2001، یەکێک لە وێنە ئاوییەکانی ئەم زنجیرەیەی خستە زیادکردنی ئاشکراوە و توانی بە بەهای 107 هەزار دۆلار بفرۆشرێت.

هاوشانی فرۆشتنی ئەم هونەرە، دەستنووسێکی جەی. کەی. رۆولینگ نمایشدەکرێت بەناونیشانی "The Tales of Beedle the Bard"، کە لە پەراوێزی هاری پۆتەردا نووسراوە، پێشبینی دەکرێت نرخەکەی بگات بە 350 هەزار دۆلار.

زنجیرە گێڕانەوەی هاری پۆتەر، لە جیهانی ئەدەبیات و هونەردا گێڕانەوەیەکی بەناوبانگ و کاریگەرە، لە چوارچێوەی حەوت رۆماندا لەسەر دەستی خانمە نووسەر رۆوڵینگ نووسراوەتەوە و تاوەکو ئێستا هەشت فیلمیان لەسەر بەرهەمهێنراوە، کە بەتێکڕای گشتی، توانیویانە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار کۆبکەنەوە و ببن بە یەکێک لە گەورەترین فیلمەکانی مێژووی سینەما.