پێنج پڕخوێنەرترین کتێبەکانی جیهان بناسە

رێکەوتی 23ی نیسان، وەکو رۆژی کتێب و مافی لەبەرگرتنەوە دیاریکراوە، لەم رۆژەدا، وڵاتان ستایشی بەرهەمی جیاواز و نووسەرەکان دەکەن، ئامانجی سەرەکییشیان، جەختکردنەوەیە لە پاراستنی خاوەندارێتیی ئەدەبی، لێرەدا، سەرنج دەخەینە سەر پێنج پڕخوێنەرترین کتێبەکان لە جیهاندا.

کتێب، یەکێکە لەو ئامڕازە سەرەکییانەی کە دەتوانن گۆڕانکاریی لە ژیاندا بخولقێنن، گوتەیەک هەیە کە دەڵێت، بۆ هەرکەسێک کتێبێک هەیە، بەم چەشنە، کتێبەکان دەتوانن کاریگەریی لەسەر کۆی تاکەکان دروستبکەن.

لێرەدا ئاماژە بە پێنج دیارترین ئەو کتێبانەی جیهان دەدەین، کە ساڵانە خوێنەری بەردەوامیان هەیە و لە دیارترین ئەو کتێبانەن، کە توانیویانە گۆڕانکاریی لە ئاستی کۆمەڵگەدا دروستبکەن.

قورئانی پیرۆز

قورئان، یەکێکە لە دیارترین کتێبەکانی جیهان، لە هەناوی بیر و باوەڕی یەکتاپەرستییدا، رێگەی موسوڵمانان رۆشندەکاتەوە، ئەم کتێبە بە بۆچوونی موسوڵمانەکان، گوتەی راستەوخۆی خودایە بۆ پەیامبەرەکەیان.

ئەم کتێبە، خاوەنی 114 بەشە، کە بە هەر بەشێکیان دەوترێت سورەت، هەر سورەتێکیش دابەش دەبێت بەسەر ژمارەیەک لە رستە و گوتە کە بە ئایەت ناودەبرێن.

قورئان، لەماوەی 23 ساڵدا دابەزیوە، لە پڕخوێنەرترین کتێبەکانی جیهانە، بەگوێرەی بۆچوونی ژمارەیەکی زۆر لە مێژوونووس و لێکۆڵەران، ئەم کتێبە، لە سەرەکیترینی ئەو بەرهەمانەیە کە توانیویانە ژیاری کۆمەڵگە بگۆڕن.

بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان، بەدیاریکراوییش ئامارەکانی سایتی وۆردس رەیتد، لە قۆناغی کۆکردنەوەیەوە تاوەکو ئێستا، 800 ملیۆن دانە لە قورئان بڵاوکراوەتەوەم بەڵام بەشێک لە لێکۆڵەران ئاماژە بەوە دەدەن، تاوەکو ئێستا بەنزیکەی سێ ملیار قورئان لە جیهاندا هەن و تاوەکو ئێستا ئامارێکی راستەقینە و دروست سەبارەت بە ژمارەی قورئانەکان تۆمارنەکراوە.

ئینجیلی پیرۆز

ئینجیل لەلای پەیڕەوکارانی ئاینی کریستیانی، بە گرنگترین کتێبی جیهان دادەنرێت، ئەم بەرهەمە، لە پڕخوێنەرترین کتێبەکانی جیهانە و تەنها لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا، بەنزیکەی چوار ملیار دانەی لێفرۆشراوە.

بەگوێرەی بیر و باوەڕی کریستیانەکان، ئەم کتێبە گوتەی خودایە بۆ پەیامبەرەکەیان، کتێبی سەرەکیی خوداپەرستییە بۆ کریستیان و جووەکان، ئینجیل، بەسەر دوو بەشی پەیمانی کۆن و نوێ دابەش بووە، لە ئاستی جیهانییشدا، خاوەنی سەدان شێوازی جیاوازە.

زنجیرەی هاری پۆتەر

پێدەچێت زۆرینەی خوێنەرانی ئەدەب و بینەرانی سینەما، ئاشنایەتییان لەگەڵ کارەکتەری بەناوبانگی هاری پۆتەر هەبێت، ئەم کەسایەتییە، لە هەناوی زنجیرەیەکی ئەدەبیی و رۆمانی هاوچەرخدا دروستبووە، کە لەلایەن خانمە نووسەری بەریتانی، جۆوان رۆولینگەوە دامەزراوە و چیرۆکە سەمەرە و جادووییەکەی نووسیوەتەوە.

ئەم زنجیرەیە، یەکێکە لە پڕخوێنەرترین بەرهەمەکانی جیهان و ساڵی 2018، توانی بگات بە رێژەیەکی نوێی فرۆشتن و 500 ملیۆن دانەی لێفرۆشرا.

هاری پۆتەر، لە ئاستی ئەدەبی خەیاڵییدا، لە ناسراوترین کتێبەکانی جیهانە، کاریگەریی لەسەر کۆی چین و توێژەکان دروستکردووە و لە جیهانێکی جادووییدا رووداوەکانی روودەدەن.

گوتەکانی ماو سی تۆنگ

پێدەچێت لە زانینی ئەم راستییەدا، سەرت بسوڕمێت، بەڵام گوتەکانی کەسایەتیی دیاری سیاسیی وڵاتی چین و سەرکردەی پێشووتری پارتی کۆمیۆنیستیی وڵاتەکە، ماو سی تۆنگ، کە لە چوارچێوەی بەرگێکی تایبەت و کۆکراوەدا بڵاوکراونەتەوە، لە دیارترین و پڕخوێنەرترین نووسراوەکانی جیهانە.

لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا، کتێبی گوتەکانی ماو سی تۆنگ، بەنزیکەی یەک ملیار دانەی لێفرۆشراوە، ئەم کتێبە، کە بە کتێبە بچوکە سوورەکەش ناسراوە، بووە بە سیمبولی ئاگایی و زانین بۆ پەیڕەوکارانی سیاسەتی کۆمیۆنیزم، لە ئاستی وڵاتی چیندا، دیارترین کتێبە و ستایشێکی گەورە دەکرێت.

کیمیاگەر

ساڵی 1988، رۆمانی کیمیاگەر لەلایەن نووسەری بەرازیلی پاولۆ کۆیلۆ نووسراوەتەوە، ئەم رۆمانە، بە یەکێک لە سەرکەوتووترین رۆمانە ئەدەبییەکانی جیهان دادەنرێت و توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر شێوازی پەروەردەیی کۆمەڵگە دروستبکات.

کتێبەکە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 150 ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە، خاوەنی 115 خەڵاتی نێودەوڵەتییە و بە 80 زمانی جیاواز بڵاوکراوەتەوە.

چیرۆکی ئەم رۆمانە، گێڕانەوەیەکی ئەفسانەیی کارەکتەرێکە بەناوی سانتیاگۆ، کە شوانکارێکی ئەندەلوسییە و بەمەبەستی دۆزینەوەی گەنجینەیەکی گرانبەها، بڕیاری گەشتکردن بە جیهان دەدات.