بۆچی پێن ئەمریکا لەبەردەم هەڵوەشانەوەی تەواوەتییدایە؟

هەڵوەشانەوەی چالاکی و بۆنە ئەدەبییەکانی پێن ئەمریکا بەردەوامە، لەماوەی رابردوودا مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتە ئەدەبییەکانی پێن بۆ باشترین نووسەرەکان هەڵوەشایەوە؛ فێستیڤاڵە ساڵانەکەشیان وەستاند.

لە راگەیەندراوێکی فەرمییدا، رێکخراوی پێن ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە؛ هاوتای هەڵوەشانەوەی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتە ئەدەبییەکان، فێستیڤاڵی دەنگە جیهانییەکانیش رادەگرن.

هەڵوەشانەوە و وەستاندنی چالاکی و بۆنە ئەدەبییەکانی پێن ئەمریکا، دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتن و توڕەیی نووسەران بەرامبەر بە هەڵوێستی رێکخراوەکە بۆ شەڕی کەرتی غەززە، کە بە گوتەی نووسەرەکان، "پێن ئەمریکا نەیتوانیوە بێلایەنیی بپارێزێت"، کشانەوە و بایکۆتکردنی ئەم رێکخراوەش لە نیوەی مانگی ئازاری رابردووەوە دەستیپێکردووە و دیارترین نووسەرە جیهانییەکان رەتی دەکەنەوە لەلایەن ئەم رێکخراوەوە ستایش بکرێن.

فێستیڤاڵی دەنگە جیهانییەکان، هاوتای مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی پێن ئەمریکا، یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئەدەبییەکانی وڵاتەکە، بڕیاربوو رۆژانی هەشت بۆ 16ی ئایاری ئەمساڵ، لە شاری نیو یۆرک و لۆس ئەینجڵس بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە 100 نووسەری دیاری جیهانیی بەشداریی بکەن و 35 بۆنەی جیاواز رێکبخرێت.

هێشتا رێکخراوی پێن ئەمریکا یەک بۆنەی دیکەی ئەدەبیی بەدەستەوە ماوە، کە لە بنەڕەتی سێ بۆنەی ساڵانەدا جێی کراوەتەوە و ستایشی بەرهەمە ئەدەبییەکانی تیادا دەکرێت، فێستیڤاڵی ئەدەبی پێن، کە بڕیارە 16ی ئایار ئەنجامبدرێت، کۆتا بۆنەی ئەدەبییە کە هێشتا هەڵنەوەشاوەتەوە، بەشێکی زۆریش لە رەخنەگرە ئەدەبییەکان پێشبینی ئەوە دەکەن، هاوشێوەی دەستە خوشکەکەی، هەڵوەشێتەوە.

لەماوەی رابردوودا، پاش هەڵوەشانەوەی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی پێن ئەمریکا، لێپرسراوانی ئەم رێکخراوانە، بڕیاری کشانەوەی نووسەرانیان پەسەند کرد و بە مافی رەوایان زانی، بەڵام گومانەکان بەردەوامییان هەیە کە ئەم رێکخراوە گرنگیی بە ماف و پرسی فەلەستینییەکان نادات و "برەو بە ئاساییکردنەوەی جینۆساید دەدات".

رێکخراوی پێن ئەمریکا، رێکخراوێکی قازانج نەویستی ئەمریکییە، ساڵی 1922 لە شاری نیو یۆرک دامەزراوە، ئامانجی سەرەکیی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جیهانە بەرامبەر بە ئازادی رادەربڕین، لەڕێگەی برەودانی زیاتر بە ئەدەبی نووسراو و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.