رۆمانی "هێپتا" بە زمانی کوردی بڵاودەکرێتەوە

خانمێکی شاری کەلار، نوێترین کتێبی وەرگێڕراوی خۆی، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کتێب بڵاوکردەوە و لەلایەن نووسەر و خوێنەرانی شارەکەوە ستایشکرا.

شەهلا فەیزوڵڵا، خانمە نووسەر و وەرگێڕی شاری کەلار، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کتێبەوە، نوێترین بەرهەمی وەرگێڕراوی خۆی، بەناونیشانی "هێپتا"، بە سەرپەرشتیی سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بڵاوکردەوە.

کتێبەکە، لە نووسینی محەمەد سادقە و بە زمانی عەرەبی نووسراوە، سەر بە ژانرای رۆمانە و وەرگێڕانەکەی دواین کاری شەهلا فەیزوڵڵایە بۆسەر زمانی کوردی.

لەچوارچێوەی مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەم وەرگێڕانەدا، سەنتەری چالاکی گەنجان، چەند ژمارەیەکی لە رۆمانەکە بە دیاریی بەخشی بە ئامادەبووان و هەمووان ستایشی بڵاوبوونەوەیان کرد.

شەهلا فەیزوڵڵا، خاوەنی چەندین چیرۆکی بڵاوکراوەیە، یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی خۆی بەناونیشانی "کچی ناو وێنەکە" بڵاوکردووەتەوە، کە لە 20 چیرۆک پێکهاتووە، دوایین کاریشی، وەرگێڕانی کتێبی هێپتایە، کە ساڵی 2014 لەلایەن مەحمود سادقی گەورە نووسەر و رۆماننووسی میسرییەوە بڵاوکراوەتەوە و لە ناوەڕۆکیدا چیرۆکی خۆشەویستی و ئازار دەگێڕێتەوە، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ، دیارترین رۆمانی وڵاتی میسر بووە و لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەم وڵاتەیە.