نرخی زێڕ دابەزینى تۆمار کرد

فۆتۆ: حەمە سوور

سەرەڕای كەمبوونەوەى داتای هەلیکار لە ئەمریکا و دابەزینى رێژەی هەڵاوسان، بەڵام نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی دابەزینی تۆمارکرد و گەیشتە نزمترین ئاست لەماوەی مانگێکدا .

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی ئایار، سەرەڕای ئەوەی بازاڕەکانی بۆرسەی ئاسیا و ئەمریکا داخراون، یەک ئۆنسە زێر بە دوو هەزار و 302 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، هاوکات نرخی یەک ئۆنسە زیو دابەزیوە بۆ 26 دۆلار و 56 سەنت.

لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی زێر رووی لە دابەزین کردووە، پاش ئەوەی لە 19ی مانگی رابردوو بەرزترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد، بەجۆرێک 25 هەزاری لێکەمبووەتەوە بۆ هەر مسقاڵێک، یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 540 هەزار دینار و عەیارە 21 بە 475 هەزار و عەیارە 18 بە 410 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت و چاوەڕەواندەکرێت زیاتریش دابەزێت، لە بازاڕی زێڕەنگەرانی هەرێمی کوردستان، نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و جووڵەی بازاڕ کاریگەریی لەسەر نرخەکەی دادەنێت.

نرخی زێڕ لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 1.55٪ دابەزی و گەیشتە 2301.74 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک، ئەمەش دابەزینێکە بۆ هەفتەیەک لەسەر یەک.

کانزا بەنرخەکە بەخێرایی دەستبەرداری دەستکەوتەکان بوو دوای ئەوەی گەیشتە بەرزترین ئاستی 2،320.78 دۆلار راستەوخۆ دوای ئەوەی داتاکان دەریدەخەن کە مانگی رابردوو مووچەی کرێکارانی نا کێڵگەیی ئەمەریکا بە رێژەی 175 هەزار کەس زیادیکردووە، ئەمەش لەژێر چاوەڕوانییەکانی ئابوریناساندایە کە 243 هەزار هەلیکار بووە.