وەزارەتی ناوخۆی عێراق: کڕینەوەی چەکی مامناوەند لە هاوڵاتییان دەستیپێکرد

دیمەنی شاری بەغداد لە ئاسمانەوە. فۆتۆ: AP

وەزارەتی ناوخۆ لە بەغداد و چەند پارێزگایەکی دیکە دەستیکردووە بە کڕینەوەی چەکی مامناوەند لە هاوڵاتییان و بۆ ئەو مەبەستەش 597 ناوەندی کردووەتەوە.

وەزارەتەکە پێشتر رایگەیاندبوو، بڕی یەک ملیار دیناریان بۆ هەر پارێزگایەک تەرخانکردووە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی کڕینەوەی چەکی مامناوەند لە هاوڵاتیان.

زیاد موحاریب ئەلقەیسی، گوتەبێژی فەرمی لیژنەی رێکخستن و هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە میدیا عێراقیەکانی رایگەیاند، وەزارەتەکەیان قۆناغی دووەمی پڕۆژەی رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی چەک و کڕینەوەی لە هاوڵاتیان دەستپێکردووە و 697 ناوەند لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکەوە بۆ ئەم مەبەستە کراونەتەوە.

مەنسور عەلی سوڵتان، سکرتێر و بڕیاردەری لیژنەکەش بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندبوو، پڕۆژەی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، یەکەمیان خستنەبازاڕی فۆڕمی تۆمارکردنی چەکی هاوڵاتیان بوو، لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئێستاش کە قۆناغی دووەمە، کڕینەوەی چەکی مامناوەند لەخۆدەگرێت. قۆناغی سێیەمیش پشکنین و وردبینیکردنی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بۆ هاوڵاتیان لەخۆدەگرێت.

راشیگەیاندووە، دوای جێبەجیکردنی ئەو سێ قۆناغەش رێکارە یاساییەکان لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا دەگیرێتەبەر کە بە نایاسایی چەک هەڵدەگرن یان مامەڵەی پێوە دەکەن.