چوار خۆشترین خواردنی سەرشەقامی جیهان بناسە

لە ئاستی جیهانییدا، هەزاران خواردنی تایبەت و رەسەن بە ناوچە جیاوازەکان هەن، کە توانیویانە کاریگەریی لەسەر رەنگ و تامی خوانەکان دروستبکەن و ببن بە خواردنی باو و ناسراوی شار و وڵاتەکانیان، ئەمەش لەکاتێکدایە، بەشێک لە دیارترین خواردنەکانی جیهان، خواردنی سەرشەقامن و ناوبانگێکی گەورەیان هەیە، لێرەدا، ئاماژە بە چوار خۆشترین خواردنی سەرشەقام دەدەین، کە بەگوێرەی دەنگدان و راپرسیی رێبەریی خواردنی "Taste Atlas"، دیاریکراون.

تاکۆ
وڵات: مەکسیک
سەرهەڵدان: سەدەی هەژدەیەم

تاکۆ، خواردنی نیشتمانیی وڵاتی مەکسیکە، مێژووی سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ کانە زیوییەکانی سەدەی هەژدەیەم، کە خودی ووشەی تاکۆ، بەو کاغەزە لولکراوانە گوتراوە، کە پڕکراون لە تەقەمەنی و دیوار و بەردی کانەکانیان پێتەقاندووەتەوە.

ئێستا تاکۆ بەو خواردنە چێژبەخش و بەتامە دەگوترێت، کە جێی شکۆمەندیی مەکسیکییەکانە و لە ئاستی جیهانییشدا گەورەترین ناوبانگی هەیە، بە باشترین خواردنی سەرشەقام دادەنرێت و ئامادەکردنی ئاسانە، هاوکات تام و چێژێکی زۆری هەیە و لەلایەن کۆی چین و توێژەکان بە خواردنێکی خوازراو دادەنرێت.

بەشێوەیەکی گشتی، تاکۆ لە نانێکی تەنک و نەرم پێکدێت کە پێیدەگوترێت تۆرتیلا، کە بەچەندین شێوەی جیاواز ئامادەدەکرێت و پێکهاتەکانی ناوی زۆرینەی کات لە گۆشت پێکهاتووە، لەوانە: گۆشتی مریشک، ماسی و گۆشتی سوور، لەگەڵیدا سۆس و پەنیر و کاهوو بەکاردەهێنرێن و بە خواردنێکی ئاسان بۆ هەرس هەژمارکراوە.

بەگوێرەی لێکدانەوە و راپرسیی رێبەریی تەیست ئەتڵەس، تاکۆ خۆشترین و بەچێژترین خواردنی سەرشەقامی جیهانە.

بەرگری پەنیر
وڵات: ئەمریکا
سەرهەڵدان: 1924

بەرگری پەنیر، پەرەسەندنێکی سرووشتیی هامبەرگرە، ئەوەی بەرگری پەنیر جیادەکاتەوە لە هەموو جۆرەکانی دیکە، بوونی پەنیرە لەناویدا، بەم جۆرەش، توانیویەتی ببێت بە دیارترین خواردنی سەرشەقامی جیهان و لە تێکڕای بەرگرەکانی دیکە خۆشتر و بەچێژتر بێت.

بەرگری پەنیر، سەرەتا ساڵی 1924 لە خواردنگەیەکی وڵاتی ئەمریکا سەرهەڵدەدات، زۆرینەش جەخت لەوە دەکەنەوە، بیستەکانی سەدەی رابردوو، دەیەی بەناوبانگبوونی بەرگری پەنیرە و لەم سەردەمەدا ئەمریکا ئاشنایەتیی بەم جۆرە بەرگرە پەیدادەکات.

لە ئاستی جیهانییدا، بەدەگمەن خواردنگەیەکی خێرا دەدۆزرێتەوە بەبێ ئەوەی بەرگری پەنیر وەکو خواردنی سەرەکیی پێشکەش نەکەن، ئەم جۆرە بەچەشنێک بەربڵاو و بەناوبانگە، لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا دەدۆزرێتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی، بەرگر لە سەموونێکی تەواو پێکهاتووە و لەناویدا چەندین پێکهاتەی رووەکی بەکاردەهێنرێت، لەوانە: تەماتە، خەیار و کاهوو، هاوتای بەکارهێنانی گۆشتی جیاوازی وەکو مریشک، بەراز و گۆشتی سوور، کە لە سەروو هەموو ئەمانەدا، بەکارهێنانی پەنیر، خواردنەکە جیاوازدەکات و ناوبانگەکەی پێبەخشیوە، بەگوێرەی راپرسییەکانی رێبەریی تەیست ئەتڵەس، بەرگری پەنیر، دووەم خۆشترین و بەناوبانگترین خواردنی سەرشەقامی جیهانە.

یاکیتۆری
وڵات: ژاپۆن
سەرهەڵدان: 1880

یاکیتۆری یەکێکە لە دیارترین خواردنەکانی وڵاتی ژاپۆن، لە ئاستی وڵاتانی رۆژئاواییشدا ناوبانگی بەدەستهێناوە و ئێستا یەکێکە لە دیارترین ژەمە خۆراکییەکانی سەرشەقام.

یاکیتۆری، کە بە تکەی مریشکی ژاپۆنییش ناسراوە، داری "کوشی"ی تێدەئاژنرێت، کە لە درەختی بامبوو یاخود ستیل دروستدەکرێت، بەشێوەیەکی نەریتییش لەسەر ئاگری خەڵوز دادەنرێت و رێژەی برژاندنەکەی مامناوەندە.

یاکیتۆری پێویستیی بە فێربوونی شێوازی دروستکردنەکەیەتی، بەدیاریکراوییش لە بڕین و ئامادەکردنی گۆشتی مریشکەکەدا، پێویستە چێشتلێنەر رەچاوی تەکنیکە ژاپۆنییەکان بکات، سەختترین هەنگاوی ئامادەکردنەکەشی، زیاکردنی بەهارات و خۆشکردنی تامەکەیەتی، کە یاکیتۆری پێ جیادەکرێتەوە و لەگەڵ تێکڕای تکەی مریشکەکانی دیکەدا تایبەتتر دەبێت.

بۆ خۆشکردنی تامی تکەی مریشکی ژاپۆنیی، گیراوەی تامەکەی لە چەند پێکهاتەیەکی سەرەکیی دروستدەکرێت، لەوانە: شەرابی برنجی میرین، سۆسی سۆیا، خواردنەوەی ساکێ و شەکر.

بەگوێرەی لێکدانەوەی رێبەریی تەیست ئەتڵەس، یاکیتۆری لە دروستکردنا ئاسانە و لە ئامادەکردنی رۆحی تامەکەیدا سەختە، ئەم خواردنە، سێیەم خۆشترین خواردنی سەرشەقامی جیهانە.

رۆتی
وڵات: هیندستان
سەرهەڵدان: پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر

رۆتی یەکێکە لە دێرینترین خواردنەکانی جیهان، مێژووی سەرهەڵدانی ئەم خواردنە، دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە دۆڵی ئیندۆس و شارستانییەتی ئەو قۆناغە، وەکو خواردنی سەرەکیی بەکاریانهێناوە و دروستبوونی ئەم خواردنەش، کاریگەر بووە بە کولتووری چاندن و کشتوکاڵ.

پێکهاتەی نانی رۆتی، پێکهاتەیەکی سرووشتیی هەیە، نانەکەی تەخمیرنەکراوە و لە ئاردی سفر دروستدەکرێت، بەشێوەیەکی نەریتی، ساجی تایبەت لە دروستکردنیدا بەکاردەهێنرێت و بەمەش لە تێکڕای نانەکانی دیکە جیادەکرێتەوە.

رۆتی لە وڵاتی هیندستان، هاوتای برنج کاریگەرە و بەکارهێنانی رۆژانەی هەیە، بەبێ ئەم خواردنە خوانی هیندیی ناتەواو دەبێت.

رۆتی لەگەڵ زۆرینەی خواردنەکانی دیکەدا بەکاردەهێنرێت و پێکهاتەکانی ناوی سەدان جۆری جیاوازیان هەیە، بەدیاریکراوییش لەگەڵ گیراوە رووەکییەکاندا بەکاردەهێنرێت و گۆشتی جیاوازی لەگەڵدا دەخورێت.

بەگوێرەی رێبەریی تەیست ئەتڵەس، رۆتی چوارەم خۆشترین و بەناوبانگترین خواردنی سەرشەقامە لە جیهاندا.