دادوەری لێکۆڵینەوە هەڕەشەی خستنە زیندان لە ترەمپ دەکات

دۆناڵد ترەم، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەناو هۆڵی دادگا. فۆتۆ: AFP

سەرۆکی دادگای لێکۆڵینەوە لە دۆسیە تاوانکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ لە نیویۆرک هۆشداریدا، ئەگەر ترەمپ دووبارە بڕیاری دادوەر پێشێل بکات دەیخاتە زیندانەوە، بەڵام پاش كۆتاییهاتی دادگاییكردنە، جارێكی دیكە ترەمپ رەخنەی لە دادگاكە گرتەوە.

پێشتر دادوەر بەبڕیارێک قەدەغەیکردبوو لە ترەمپ، رەخنەی ئاشکرا لە شایەتحاڵان و ئەندامانی دەستەی سوێندخواردن بگرێت.

رۆژی سێشەممە، 7ـى ئایاری 2024 دادوەر خوان میرتشان، سزایەکی نوێی بەبڕی هەزار دۆلار بەسەر ترەمپدا سەپاند، بەهۆی پێشێلکردنی فەرمانی قەدەغەکردنی رەخنەگرتنی ئاشکرا لە شایەتحاڵەکان و دەستەی سوێندخواردن و کارمەندانی دادگا، یاخود کەسانی نزیک لەوان.

هەفتەی رابردووش، دادوەر سزای نۆ هەزار دۆلاری بەسەر ترەمپدا سەپاند، لە بەرامبەر نۆ سەرپێچی هاوشێوەدا، لە دادگاییکردنەکەی رۆژی دووشەممەدا دادوەر رایگەیاند، پابەندنەبوونی ترەمپ بە فەرمانەکەوە هێرشکردنێکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەری یاسا.

دوای کۆتاییهاتنی دادگاییەکەش، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، جارێکی دیکە دادگاییەکەی سەرکۆنەکرد و بە "دەستوەردان لە هەڵبژاردن" لە لایەن دیموکراتەکانەوە ناویبرد، کە بەگوتەی خۆی هەوڵیکە بۆ رێگریکردن لە درێژەدان بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی.