ئەمڕۆ دانیشتنى دادگاى فیدراڵیی عێراق لە بارەى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بەڕێوەدەچێت

دانیشتنێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

ئەمڕۆ دانیشتنى دادگاى فیدراڵیى عێراق لە بارەى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و سکاڵاکارەکەش داوا لە دادگا دەکات بڕیار لەسەر کشانەوەى یەکجارەکى ئەو هێزانە لەسەر خاکى عێراق بدات.

بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانى، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی ئایارى 2024، دادگای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵاى تایبەت بەچوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکات.

سکاڵاکە لەلایەن مستەفا جەبار سەنەد، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوا دەکات، دادگاکە بڕیارێکی پێشووی حکومەتی عێراق تایبەت بە رێگەپێدان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە.

سکاڵاکارەکە داواش لە دادگا دەکات، بڕیار بدات ئەمریکا ئەو شوێن و باڵەخانانە رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکاتەوە کە هێزەکانی تێیدا دەمێننەوە.

هێزەکانی ئەمریکا ساڵی 2003 کۆتاییان بە دەسەڵاتی رژێمى بەعس هێنا، بەڵام ساڵی 2011 بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق کشانەوە.

دواى سەرهەڵدانى داعش لە ساڵی 2014 جارێکی دیکە هێزەکانى ئەمریکا بۆ یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژی رێکخراوەکە لەسەر داواکاریى فەرمیى حکومەتى عێراق گەڕانەوە.

بەگوێرەى ئامارەکان ئێستا نزیکەى دووهەزار و 500 سەرباز و راوێژکارى ئەمریکى لە عێراق و هەرێمى کوردستان هەن.