لافاو لە بەرازیل گیانلەدەستدانی لانیکەم 90 کەسی لێکەوتەوە

لە شاری پۆرتۆ ئەلێكرێ لە بەڕازیل، بە بەلەم بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە گیریانخواردووە. فۆتۆ: AFP

لافاو لە بەرازیل بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 90 کەس و بێسەروشوێنبوونی 130 کەسی دیکە، هەوڵەکانی رزگارکردنی گیرخواردووەکانیش لە پارێزگای ریۆ گراندێ دو سول درێژەی هەیە.

بەهۆی لافاوەوە، شاری پۆرتۆ ئەلیگری هیچ پەیوەندییەکی بە دەورووبەرەوە نەماوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی فڕۆکەخانەی شارەکە و وێستگەی پاسەکان داخراون و شەقام و رێگە سەرەکییەکانیش بەهۆی لافاوەکەوە گیراون.

هاوکات، خۆبەخشان بە بەلەم دانیشتووانیان لەو ناوچانەوە رزگارکرد کە لافاو تیایاندا درووستبووە و خۆراک و ئاوی خواردنەوە و پێداویستییەکانی پاککردنەوەیان گەیاندە ئەو کەسانەی پێویستیانە.

بەهۆی لافاوەوە تاوەكو ئێستا لانیکەم 90 کەس گیانیانلەدەستداوە و 130 کەسیش بێسەروشوێنن.

لە پۆرتۆ ئەلیگری پێنج لەو شەش وێستگەیەی ئاوی شارەکە خاوێن دەکەنەوە کار ناکەن و نزیکەی 80%ی دانیشتوانەکەشی ئاوی بەلوعەیان پێناگات، هەر ئەم دۆخە وایکردووە سێباستیۆ مێلۆ، سەرۆکی شارەوانی پۆرتۆ ئەلیگری فەرمان بکات، ئاو تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست و بنەڕەتی بەکاربهێنرێت.

هاوکات، خۆبەخشان لەرێگەی بەلەمەوە لە هەوڵەکانی رزگارکردنی گیرخواردووەکان لە پارێزگای ریۆ گراندێ دو سول بەردەوامن، پێشبینی دەکرێت تاوەكو رۆژی بەرەبەیانی چوارشەممە لە وڵاتەکە، رێژەی بارانبارین لە پایتەخت 150 میللیمەتر تێپەڕێنێت.