پۆڵ گەوگان.. ئەوینێک بۆ هونەری کۆمەڵگە سەرەتاییەکان

لە دیاترین شێوەکارەکانی وڵاتی فەڕەنسا و رێبازی پاش ئیمپرێشیۆنیزم و سیمبولیزمە، بەشێکی زۆر لە فەڕەنسییەکان بە شکۆی هونەری هاوچەرخی خۆیانی دەزانن، پۆڵ گەوگان، رێکەوتی هەشتی ئایاری 1848، کۆچیدوایی کردووە.

لە ئاستی کاریگەریی هونەرییدا، پۆڵ گەوگان بە یەکێک لە باشترین هونەرمەندە شێوەکارەکانی فەڕەنسا دادەنرێت، ئەم کەسایەتییە، توانیویەتی لەنێوان دوو رەوتی جیاوازی هونەرییدا، گۆشەنیگایەکی نوێ بۆ تێڕووانین لە ژیانی رۆژانەی فەڕەنسییەکان دروستبکات.

پۆڵ گەوگان، رێکەوتی حەوتی حوزەیرانی 1848 لەدایکبووە، لەتەمەنی 40 ساڵییدا، هونەری وەکو پیشەی تەواوەتیی خۆی هەڵبژاردووە و ژیانی خۆی بۆ هونەر تەرخانکردووە، ساڵی 1888، ماوەی نۆ هەفتە لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکاری دیاری هۆڵەندا و جیهان، ڤینسن فان گۆخ ژیانی بەسەربردووە و پێکەوە کاری هونەرییان ئەنجامداوە، پاش شەڕکردنیان و جیابوونەوەیان، فان گۆخ بەشێک لە گوێی خۆی دەبڕێت.

لە ئاستی تەکنیکی هونەرییدا، گەوگان بەرەوپێشچوونی خولقاندووە، بەدیاریکراوییش لە بەکارهێنانی رەنگ و نیمچە رازاندنەوەی ناوەڕۆکدا، توانیویەتی شێوازێکی بەهێز دروستبکات لەڕێگەی ئاوڕدانەوە لە دیوی رۆحانیی شتەکاندا و سوودێکی گەورەی لە هونەری بنەڕەتیی ئەفریقیی وەرگرتووە، پاش تەرا بوونی لە هونەری رۆژئاوایی و فەڕەنسی، وەکو هونەرمەندە رۆحگەراکە ناوەزەند دەکرێت.

پاش بەدەستهێنانی پلەی ماستەر لە ئاستی رەوتی ئیمپرێشیۆنیزمدا، ئەزموونێکی نوێ سەبارەت بە سروشت و پرسە ئاینییەکان پەیدادەکات، لەگەڵ مامەڵەکردنی نوێی رەنگەکاندا، شێوازەکەی دەبێت بە تێکەڵەیەک لە دیمەنی راستەقینە و باوەڕە رۆحانییەکان، کە بە تێڕووانین لە تابلۆکانی، بینەر دەکەوێتە بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە هەستی پەنهانی فیگەر و بابەتەکان، بەمەش تێڕمانێکی فەلسەفیی دروستدەبێت بۆ تێگەیشتن لە بوونی راستەقینەی مرۆڤ لەناو سروشتدا.

لەمیانی کۆتا دەیەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا، گەوگان یەکێک بووە لە دیارترینی ئەو هونەرمەندانەی، گۆڕانکارییەکی گەورەیان بەسەر کولتووری هونەریی ئەوروپا هێناوە، دەستی هەبووە لە دروستکردنی رەوتی پریمیتیڤیزمدا، کە گوزارشت لە حەز و خولیای کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان دەکات بەرامبەر بە شێوازی ژیانی سەرەتایی کۆمەڵگە ناپیشەسازییەکان.

لەماوەی 54 ساڵی ژیانیدا، توانیویەتی 517 وێنەی هونەریی دروستبکات، رێکەوتی هەشتی ئایاری 1903، کۆچیدوایی کردووە.