سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: جیهان لە رووی ئابوورییەوە بەسەر سێ کەرتدا دابەشکراوە

بارەگای سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. فۆتۆ:AP

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئابووریی جیهان لەژێر کاریگەری جیاوازییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا بەسەر سێ لایەندا دابەش بووە، لەسەر بنەمای ئەو وڵاتانەی کە پشت بە ئەمریکا و چین و وڵاتانی سەربەخۆ دەبەستن.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لە راپۆرتێکدا لەبارەی کاریگەریی جیۆپۆلیتیکی لەسەر بازرگانیی جیهانی دەڵێت، "ئابووریی جیهان دابەشکراوە بەسەر سێ لایەندا، یەکەمیان ئەو وڵاتانەی پست بە ئابووریی ئەمریکا دەبەستن، دووەم ئەو وڵاتانەی پشت بە ئابووریی چین دەبەستن و سێیەم ئەو وڵاتانەی سەربەخۆن و پەیوەندییان بەوانی دیکەوە نییە".

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی سندوقەکە، رەوتی دابەشکردنی ئابووریی جیهان بۆ کەرتە جیاوازەکان بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی سنووردارکردنی بازرگانی بەسەر کاڵا و خزمەتگوزاریی و وەبەرهێناندا.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2023، بەشی هاوردەکردنی چین بۆ ئەمریکا 8% دابەزیووە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوانیان.

هەروەها بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی سندوقەکە بازرگانی راستەوخۆی نێوان رووسیا و رۆژئاوا بەهۆی ناکۆکییەکانی ئۆکرانیاوە تێکچووە.

شەڕو گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و لێکەوتەکانى پەتای کۆرۆنا، ئابووری وڵاتانیان لاوازکردووە.