مەراسیمی دوایین ماڵئاوایی بۆ "ناشاد"ی هونەرمەند ئەنجامدەدرێت

بڕیارە بە ئامادەبوونی کەسوکار، هاوڕێ و هونەرمەندان، دوایین ماڵئاوایی لە هونەرمەند ناشاد بکرێت و سبەینێ رێکەوتی نۆی ئایار، مەراسیمێک بۆ کۆچیدوایی و بەڕێکردنی تەرمەکەی ئەنجامدەدرێت.

بە ناونیشانی "دوایین ماڵئاوایی لە هونەرمەند ناشاد"، بڕیارە سبەینێ، رێکەوتی نۆی ئایار، کاتژمێر نۆی بەیانی لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی کەسوکار، هاوڕێ و هونەرمەندان و خۆشەویستانی هونەرمەندی شێوەکار ناشاد، مەراسیمێکی تایبەت بۆ ماڵئاواییکردن و بەڕێکردنی تەرمی ئەم هونەرمەندە ئەنجامبدرێت.

تەرمی ناشاد، بە مەراسیمێکی تایبەت، رەوانەی گۆڕستانی سەیوان دەکرێت و لە مزگەوتی "عومەری کوڕی خەتاب" پرسەی بۆ دەگێڕن.

محەمەد حەسەن، ناسراو بە ناشاد، ساڵی 1954 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکێکە لە شێوەکارە ناسراوەکان، زیاتر لە 50 ساڵە کاری وێنەکێشان دەکات، لەو ماوەیەدا چەندین پێشانگەی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا کردووەتەوە.

ناشاد بەدرێژایی ژیانی بەتەنها بووە و ماوەیەک لە کەلاوە و خانووە چۆڵەکاندا ژیاوە، بەم دواییانەش لە خانەی بەساڵاچووان ژیاوە، بەردەوام باسی لەوە کردووە کە سەرچاوەی ئیلهامی وێنە پڕ غەمەکانی لە تەنهاییەکەیەوە وەردەگرێت.

ناشاد بۆماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ و تا کۆتا رۆژەکانی ژیانی، بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی قوڕگەوە ناڵاندوویەتی.