سەنتەری رۆشنبیریی زانکۆی جیهان پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ خانمان دەکاتەوە

سەنتەری رۆشنبیریی زانکۆی جیهان، بەمەبەستی برەودانی زیاتر بە توانا هونەرییەکانیان، میوانداریی ژمارەیەک خانمی شێوەکاری کردووە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.

بە ئامانجی خزمەتکردنی کایەی کولتوور و هونەر، سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی جیهان، پێشانگەیەکی شێوەکاریی بۆ ژمارەیەک خانمە شێوەکاری کورد و عێراقی کردووەتەوە و لە سەرانسەری پارێزگەکانی عێراقەوە بەشدارییان تیادا کردووە.

بە گوتەی بەختیار عەلی هەڵەبجەیی، رێکخەری پێشانگەکە، "ئامانج لە رێکخستنی ئەم پێشانگەیە، نیشاندانی هونەری ئەم خانمە شێوەکارانەیە بە بینەران"، ئاماژەی بەوەش دا؛ دەستاودەستکردنی هونەر گرنگییەکی گەورەی هەیە، لە رێکخستنی پێشانگەی لەم چەشنەدا، هونەرمەندان و سەردانیکەران، سوود لە بیروبۆچوونی یەکتری وەردەگرن.

بەختیار عەلی هەڵەبجەیی بە کەناڵ8ی گوت، "بە بەشداریی 60 هونەرمەند و بە نمایشکردنی 130 تابلۆ پێشانگەکە رێکخراوە"، ئاماژەی بەوەش دا، "زۆرینەی ئەو تابلۆیانەی لەم پێشانگەیەدا بەشدارییان پێکراوە، زۆرینەیان کاری زەیتیین، هاوتای کاری ئاوی، گرافیک و دیزاین".

بەشێوەیەکی گشتی، بابەتەکانی ئەم پێشانگەیە لە تەوەرەیەکی ژنانەدا خۆیان بینیوەتەوە و هەمەچەشنییەک لە شێواز و ئاڕاستە هونەرییەکانیاندا هەیە.