ژیریی دەستکرد 40 تابلۆی ساختە ئاشکرا دەکات کە بۆ فرۆشتن دانرابوون
پسپۆڕێکی بواری بە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هونەرییەکان رایگەیاند، لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە توانیویانە 40 تابلۆی نمایشکراو لە پلاتفۆرمی "eBay" ئاشکرا بکەن، کە بەناوی تابلۆی رەسەنەوە بۆ فرۆشتن دانرابوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "The Guardian" د. کرینا پۆپۆڤیچی، پسپۆڕی بواری بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هونەرییەکان ئاشكرایکردووە، لەم هەفتەیەدا ژیریی دستکردی بۆ چەندین بەرهەمی پلاتفۆڕمی "eBay" بەکارهێناوە، وادەرکەوتووە کە 40 لەوانە ساختە بن، دووان لە تابلۆکانیش بە ناوی کلۆد مۆنێی و پیێر ئوگوست رێنوارەوە دانرابوون، کە نرخی تابلۆکەی مۆنێی 599 هەزار دۆلار، تابلۆکەی رێنوار 165 هەزار دۆلار بووە.
لە وەڵامیشدا کۆمپانیای "eBay" بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، ئەوان پەیوەستن بەوەی گرەنتیی راستیی و رەسەنی ئەو پارچانە بکەن کە لە رێگەی پلاتفۆڕمەکەیانەوە دەفرۆشرێت.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، لەلایەن تیمێکی پسپۆڕ و راهێنراوەوە پرۆسێسەکان بەجێدەگەیەنن، چەندین چین ژیریی دەستکردیش بەکاردەهێنن بۆ دڵنیابوونەوە لە رەسەنی و راستی بەرهەمەکە بەر لەوەی نمایشی بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی گاردیانیش، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، تابلۆکەی رێنوار لە پلاتفۆڕمی "eBay" لادرا، بەڵام تاوەکو نۆی ئەم مانگە تابلۆکەی مۆنێی هێشتا لە لیستی فرۆشتندا مابوو.
13/05/2024