ئەنجوومەنی نوێنەران لیژنەیەک بۆ وردبینى لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکوک پێکدەهێنێت

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لیژنەیەکى باڵای هاوبەش لەگەڵ لە حکومەتی فیدراڵ پێکدەهێنێت، بۆ وردبینى و رێکخستنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاى کەرکوک.

دیلان عەفور، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت، "کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، وەزارەتى پلاندانان، وەزارەتى داد، وەزارەتى بازرگانی، وەزارەتى تەندروستی و نوێنەرى پێکهاتەکانى بازنەى کەرکوک لە ئەنجوومەنى نوێنەران ئەندامى لیژنە باڵاکە دەبن، کاریان وردبینیکردنە لە تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە".

دیلان عەفور گوتى، "نوێنەرانى کورد لە لیژنەکە پێداگرییانکردووە، تۆمارى سەرژمێریى ساڵى 1957ى شارەکە بکرێتە بنەماى رێکخستنەوەى تۆمارى دەنگدەران".

کەناڵ8 ئەوەى زانیوە، نوێنەرانى عەرەب پێشنیازى ئەوەیان کردووە کارتى نیشتمانى و کۆبۆنى خۆراک بکرێتە بنەما و تورکمانیش پشتیوانیى پرۆژەکەى کردوون.

دواى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، سێ کەسایەتیى کریستیان و تورکمان، دژى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکوک لە دادگاى فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمارکرد و داواى ئەوەیانکرد، ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک هەڵبوەشێندرێتەوە، بە پاساوى ئەوەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق وردبینیی لە تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە نەکردووە، وەک ئەوەى لە هەموارى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى ساڵى 2023 هاتووە.

بەڵام پێشتر، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاندبوو، تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک هیچ کێشەیەکی نییە، کۆمیسیۆن پێداچوونەوە و وردبینیی بۆ کردووە و تۆمارێکی خاوێنە.